خانەنشینیی عێراق:

عێراقییەک وەک مردوو موچەی خانەنشینی وەرگرتووە و ئێستا لە سوریا زیندووە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی خانەنشینیی عێراق رایگەیاند، موچەی کەسێکیان بڕیوە کە لە ساڵی 2023 وەك مردوو موچەی خانەنشینی بۆ بڕاوەتەوە و كەسوكارەكەی وەریدەگرن، بەپێی ڤیدیۆیەكیش كە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، كەسەكە كە ناوی نەزهان مەهدی ساڵحە، ئێستا لە سوریایە و زیندووە.

دەستەكە لە وەڵامی نووسراوێكی پەرلەمانتاری عێراق مستەفا جەبار سەنەد، بە نووسراوێك وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانتارەكەیان داوەتەوە و ئاماژە بەوە دەكەن، دوای گەڕان و بەدواداچوون لە لیستی خانەنشینان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەكەی، كەسێك بە ناوی “نەزهان مەهدی ساڵح لهێبی” كە فەرمانبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بووە، مامەڵەی خانەنشینی بۆ كراوە بە نووسراوی ژمارە 15159 لە رێكەوتی 3.4.2023 بەهۆی ئەوەی گوایە مردووە.

دەستەی خانەنشینی ئاماژە بەوەش دەكەن، دوای ئەو ڤیدیۆیەی لە سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە و تێیدا نەزهان مەهدی دەردەكەوێت و زیندووە، بڕیاردرا موچەی خانەنشینییەكەی رابگیرێت، كە واریسەكانی بە پێی نووسراوی دادگای تێهەڵچوونەوە – دادگای باری كەسی لە كەركوك وەریاندەگرت.

هەروەها باسی ئەوەش دەكەن، كە نووسراویان بۆ وەزارەتی تەندروستی و دەزگای ئاسایشی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، لێكۆڵینەوە بكەن و بزانن ئەو مامەڵەی خانەنشینبوونە چۆن كراوە.

چیرۆكی “نەزهان مەهدی ساڵح” چییە؟

پەیامنێری 964 لە كەركوك، زانیاری لە چەند كەسێكی نزیكی ئەو كابرایە وەرگرتووە و ئەوان نایانەوێت ناویان بهێنرێت، بەڵام دەڵێن، نەزهان مەهدی بە ئەبو مەحمود ناسراوە و خەڵکی باشووری کەرکوکە و فەرمانبەری تەندروستی کەرکوک بوو.

هەروەها دەڵێن، لە دوای ساڵی 2014وە بێ سەروشوێن بووە، پاشان لە ساڵی 2023 موچەی خانەنیشینی بۆ بڕاوەتەوە، دوای ئەوەی قەسام شەرعی مردوویان بۆ دروستکردووە .

یەكێك لەو كەسانەی بۆ پەیامنێری 964 قسەی كردووە، دەڵێت، دوای رووخاندنی بەشار ئەسەد لە سوریا لە یەکێک لە پارێزگاکانی ئەو وڵاتە بە چەکەوە دەردەکەوێت و بەڵێن دەدات دۆڵمەی عیراقی لە پارێزگاکانی سوریا دروست بکات.

نەزهان لە سوریا دەردەكەوێت

بە پێی چەند گرتە ڤیدیۆییەك، كە لە سۆشیال میدیا لەو چەند رۆژە بڵاوبووەتەوە، لە دیمەنێكدا نەزهان مەهدی “ئەبومەحمود” بە جلی گرووپە چەكدارییەکان بە چەكەوە لە ئۆتۆمبێلێك دێتە خوارەوە و لەگەڵ كەسێكی دیكە دەردەكەوێت و باسی دۆڵمەی عێراقی دەكەن و دەڵێت، دەیهێنن بۆ شاری سەراقیب، هەروەها هەر خۆی دەڵێت، دۆڵمە دروست دەكەین لە حەلەب و حەما و حمس و شام.

لە گرتە ڤیدیۆییەكی دیكەدا ئەبومەحمود بە ریشێكی درێژ و بە جلی شێفەوە زۆر بە نەرم و نیانی دەردەكەوێت و چێشتخانەیەكی دۆڵمە بەڕێوەدەبات و مەنجەڵێك دۆڵمەی بەدەستەوەیە و باسی ئەوە دەكات ئەوە خواردنێكی عێراقییە و چێشتخانەكەی لە حەلەبە.

دۆسیەیەكی گەورە موچەی شەهیدان لە عێراق هەیە

لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا، عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراق ئاشکرای کرد، دوای لێكۆڵینەوە لە لیستی شەهیدان، دەرکەوتووە نزیكەی 28 هەزار موچەی شەهیدانە ساختەن و راگیراون.

نائیلی وتیشی: بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیژنەیەك پكهێنراوە تا لێكۆڵێنەوە لە دۆسیەی موچەی شەهیدان بكەن.

عێراقییەک وەک مردوو موچەی خانەنشینی وەرگرتووە و ئێستا لە سوریا زیندووە

لیژنەی ئەمنی پەرلەمانی عێراق داوای بڕینی 10%ـی موچەی فە...

لیژنەی ئەمنی پەرلەمانی عێراق داوای بڕینی 10%ـی موچەی فەرمانبەران دەکات