فۆڕمەکە لای موختارە
لە ساڵی داهاتووەوە غاز لە هەولێر بە پسوولە دابەش دەکرێت
964+
ژوولی عەدنان
ماوەیەکە لە سۆشیال میدیا پسولەیەکی غاز دابەشکردن بڵاوبووەتەوە، بەپێی بەدواداچوونی تیمی 964 ئەم پسولەیە لەلای موختاری گەڕەکەکان هەیە و هیچ پەیوەندی بە پسولەی خۆراکەوە نییە.
پسولەكە لە ساڵی داهاتوەوە کاری پیدەکرێت و هەر ماڵەی لە مانگێکدا 2 بوتڵ غازی بەردەکەوێت.
ئیحسان سدیق موختاری گەڕەکی ئازادی نوێیە و بە 964 ی وت: ”فۆڕمەکە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دراوەتە دەستمان، ئێمەش بە 1000 دینار دەیدەینە دانیشتووانی گەڕەکەکان”.
باسی لەوەش کرد کە ”ئەوان بە مەبەستی پاراستنی مافی هاوڵاتیان ئەرکی دابەشکردنی فۆڕمەکانیان گرتووەتەئەستۆ”.
ئەو خێزانانەش کە دانیشتووی هەولێرن، بەڵام فۆڕمی بایەعیان شارێکی دیکەیە ”دەتوانن پسوولەی غاز وەربگرن لەلای موختاری گەڕەکەکەیان” ئیحسان سدیق وای وت.
فۆڕمەکە بۆ ماوەی شەش مانگ بەکاردێت، سیامەند قادر بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێریش بە 964 دەڵێت، بە هیچ جۆرێک ئاگای لەو بابەتە نییە و فۆڕمەکەی نەبینیوە.
وتیشی، ”ساڵانی پێشوو لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەپێی فۆڕمی بایەعی غاز دابەشکراوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ بڕیارێکیان بەدەست نەگەیشتووە”.