پڕۆژەی دۆلفین ناو هێنرایەوە
ئەسەدی رێگر نەما.. تورکیا غازەکەی قەتەر دەگەیەنێ؟
964+
ئەحمەد مستەفا
تەنیا هەفتەیەک بەسەر روخانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا تێپەڕیوە، سەرەڕای نادڵنیایی دەرئەنجامی دۆخی ئەمنی و سیاسی، تورکەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی کات بەدەستبهێنن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی کە بوونی ئەسەد رێگری بوون لە بەردەمی لەوانە، پڕۆژەی دۆلفین.
پڕۆژەکە، بۆ گواستنەوەی غازی قەتەرە بۆ ئەوروپا ئەوەش لە رێگەی تورکیاوە کە لە مێژە تاوتوێی کراوە، ئەو دەمارە ئابورییە وا بیر لێ دەکرێتەوە یەکێک بووبێت لە هۆکارەکانی پشت پشتگیری ئەنقەرە، بۆ هەوڵەکانی روخاندنی ئەسەد لە ساڵی 2011 وە.
سەقامگیری سیاسی بەدیهات، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ئەگەرێکە
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بە گێڕانەوە لە لێدوانەکانی شارەزایەکی تورک کە تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە، روخانی بەشار ئەسەد و رژێمی بەعس کە ماوەی 61 ساڵە لە سوریا دەسەڵاتیان هەبووە، بۆری غازی سروشتی لە نێوان قەتەر و تورکیادا هێناوەتەوە پێشەوە، پڕۆژەیەک، کە رژێمی پێشووی سوریا لە ساڵی 2009 وە دژایەتی دەکرد.
رۆژنامەی عەرەب لە چاپی ئەمڕۆ یەکشەممە 15.12.2024 نوسیوویەتی، بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانانە لەم کاتەدا ئەو تۆمەتانە پشتڕاست دەکاتەوە، یەکێک لە هۆیەکان پشتگیری روخانی رژێمی ئەسەد لەلایەن تورکیا، کارێکی هاوبەشە لەگەڵ قەتەر بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەی بۆری غاز، لە کاتێکدا ئاڵپ ئەرسلان بەیرەکدار، وەزیری وزەی تورکیا دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆژەی، بە ئەگەر داناوە کاتێک سەقامگیری سیاسی لە سوریا بەدیهات، غازی قەتەر لە تورکیاوە بگەیەننە ئەوروپا.
یەدەگی قەتەر بۆ غاز 250 ترلیۆن مەتر سێجایە
لە ساڵی 2009، قەتەر دەستپێشخەرییەکەی دەستپێکرد بۆ دامەزراندنی بۆرییەکی 1500 کیلۆمەتری بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا لە رێگەی تورکیاوە، ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی غازی سروشتی قەتەر بوو بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، کە بەهای وەبەرهێنانەکەی 10 ملیار دۆلار بوو.
ئەو پلانە هەر زوو لەلایەن ئەسەدەوە رەتکرایەوە، کە دەیزانی ئامانجەکە بە ئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکەیەتی کە روسیایە، بەو پێیەی ئەو وڵاتە دابینکەری سەرەکی غازە بۆ ئەوروپا، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ئالپ ئەرسلان بەیرەکدار روونی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی ئەم پڕۆژەیە لە کاتی گەیشتن بە سەقامگیری سیاسی لە سوریا ئەگەری هەیە، ئەوەش هیوا بۆ بەرزکردنەوەی یەکگرتنی ناوچەیی لە کەرتی وزەدا دەگەڕێنێتەوە.
بوشرا زەینەب ئۆزدەمیر توێژەر لە وەقفی توێژینەوەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی تورکیا (سیتا) رایگەیاندووە، سوریا وڵاتێکی زۆر گرنگە بۆ دەوڵەتی قەتەر لە رووی هەناردەکردنی گازی سروشتییەوە. لە حاڵێکدا قەتەر بە سێیەم وڵاتی جیهان دادەنرێت لەڕووی یەدەگی غازی سروشتییەوە کە نزیکەی 250 تریلیۆن مەتر سێجایە.
درێژی مەوداکەی گرێبەستی درێژخایەنی دەوێ
قەتەر ئێستا لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە دوای روسیا لە هەناردەکردنی غازدا، پڕۆژەی بۆری گازی سروشتی نێوان قەتەر و تورکیا کە لە ساڵی 2009دا لە بەرنامەی کاردا بوو، بڕیار بوو بە سعودیە و ئوردن و سوریادا تێپەڕێت.
ئەو توێژەرە دەڵێت، تورکیا بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی غازی سروشتی لە ناوچەکە دادەنرێت، بەو پێیەی لە دوای ئەڵمانیا دووەم وڵاتە لە هاوردەکردنی غاز، بەڵام گرێبەستی درێژخایەنی لەگەڵ روسیا و ئێران و ئازەربایجان هەیە.
لە بەرامبەردا شارەزایەکی سەنتەری سیاسەتی وزەی جیهانی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، ئان سۆفی کۆربۆ، پێی وایە، هێڵی گواستنەوەی غازی قەتەر لە رێگەی تورکیاوە زۆر درێژە، بۆیە دەبێت کڕیاران بەڵێنی درێژخایەن و گرێەستی درێژ مەودا بدەن، ئەوە لە حاڵێکدا نازانرێ قەتەر دەکرێت بە بەدیلی روسیا، کە رەنگە پێ گەیاندنی بۆرییەکەی قەتەر بە ئەوروپا تا ساڵی 2030 بخایەنێت.
هێڵە زەردەکە، بۆری غازی قەتەری دیار دەکات؛