ژنان بوونە پێشەنگی فێستیڤاڵی پاییز و هەناری هەڵەبجە
٦٥٪ـی خاوەن بەرهەمەکان ژن بوون
میدیازان – محەمەد عومەر – هەڵەبجە
لە فێستیڤاڵی پاییز و هەناری هەڵەبجەدا، ژنانی بەرهەمدار پێشەنگی پیاوانیان گرتبوو، دەڵێن: ئەو ڕێچکەیەیان شکاندووە کە پێشتر کارکردنیان تەنها بۆ پیاوان دانابوو.
فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەستی پێ کرد و دوای سێ ڕۆژ دوێنێ شەممە کۆتایی هات. ٢٥٠ هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە و فرۆشیش تیایدا ٩٥٠ ملیۆن دینار بووە.
” ٧٥٠ خاوەن بەرهەم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون، ٤٧٨ خاوەن بەرهەمیان ژن بوون”
ئەرسەلان عابد، سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە میدیازانی راگەیاند: ٧٥٠ خاوەن بەرهەم لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون، ٤٧٨ خاوەن بەرهەمیان ژن بوون، ئەوەش دەرفەتێکی باشی لە بەردەم ژنانی سنوورەکە کردووەتەوە.
لە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەدا جیا لە بەرهەمی هەنار، زۆرێک لە میوە و خواردنە خۆماڵییەکان و کاری دەستیی خانمان و چەندین چالاکیی هونەری و ئەسپسواری بەڕێوە چوون.
ئەوین جەمال، یەکێک بوو لە ژنە بەرهەمدارەکانی فێستیڤاڵەکە بە میدیازانی وت: “زۆر دڵخۆشین بە کردنەوەی ئەم فێستیڤاڵە، ئێمەش هاوشانی پیاوان کار دەکەین، زۆر دڵخۆشین ئەو ڕێچکەیەمان شکاندووە، کە دەڵێت کارکردن تەنها بۆ پیاوانە.”