نرخی کارەبای موەلیدەی دهۆک دوو هێندەی هەڵەبجەیە
+964
فەهمی نەبی
نرخی ئەمپێرەکانی کارەبای موەلیدە ئەهلیەکان، لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە یەکتری جیاوازە، بە جۆرێک پارێزگای هەڵەبجە هەرزانترین و پارێزگای دهۆک گرانترین نرخی ئەمپێری کارەبای هەبووە بۆ مانگی کانونی دووەم.
ئەمڕۆ شەممە، 4ی شوبات، تۆڕی 964 سۆراغی نرخی موەلیدەی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانی کرد.
بەپێی ئەو نرخانە بێت لە رێگەی قایمقامیەتی ناوەندی پارێزگای دهۆک بڵاوکراونەتەوە، بۆ هەر ئەمپێڕێک کارەبا لە مانگی کانونی دووەم 24 هەزار دینار هەژمارکراوە و لە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری دهۆک 23 هەزار دینار هەژمارکراوە.
هەکار هروری، بەرپرسی موەلیدە ئەهلیەکانی دهۆک دەڵێت “هۆکاری گرانی نرخی موەلیدە لە پارێزگای دهۆک پەیوەستە بەوەی 24 کاتژمێر کارەبا دراوە، واتا هیچ پشوویەک بە موەلیدەکان نەدراوە”.
لە پارێزگای هەولێر، نرخی هەر ئەمپێرێکی کارەبا لەنێوان 12 هەزار و 750 دینار تاوەکو 18 هەزار و 500 دینارە.
لە پارێزگای سلێمانی، بەراورد بە هەولێر نرخەکان بەرزترن، بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا لەنێوان 17 هەزار دینار تا 19 هەزار و 750 دینار بۆ هاوڵاتیان هەژمارکراوە.
تارق سەمیم، بەرپرسی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلیەکانی سلێمانییە، دەڵێت “لەبەرئەوەی گازوایل لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دێت بۆیە نرخی بەرزترە، ئەم مانگە هەر لیترێک گاز لە پارێزگای سلێمانی هەزار دینار بووە”.
لە پارێزگای هەڵەبجە، بە گشتی 325 کاتژمێر کارەبا دراوە، نرخی ئەمپێری کارەبا لەنێوان 12 هەزار دینار بۆ 19 هەزار و 750 دینار بووە.
پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلیەکانی هەڵەبجەیە، دەڵێت، گەڕەکی کانی شێخ کەمترین کارەبای نیشتیمانی هەبوو، بۆیە 19 هەزار و 750 دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
نرخی هەر لیترێک گازوایل لە پارێزگای هەولێر 850 دینار و لە پارێزگای سلێمانی هەزار دینار و لە پارێزگای دهۆک 900 دینار و لە پارێزگای هەڵەبجە هەزار و 100 دینار بووە.