دیمه‌نى به‌شێك له منداڵانى باخچه‌كه... وێنه: سۆشیاڵ میدیاى ناحیه‌ى خانكێ.
منداڵى ئاواره‌كانیشی تێدایه
باخچه تاقانه‌كه‌ى منداڵانى خانكێ گه‌رم كرایه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
باخچه تاقانه‌كه‌ى منداڵانى ناحیەی خانكێ به دابینكردنى مۆكێت بۆ ئه‌م زستانه گه‌رم كرایه‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت، یه‌ك باخچه بۆ ناحیه‌كه‌یان كه‌مه و داواکارە باخچه‌ی دیکەیان بۆ دروست بکرێت.
له سه‌نته‌ره‌ى ناحیه‌ى خانكێ یه‌ك باخچه‌ی منداڵان هه‌یه، جگه له منداڵانى سه‌نته‌رى ناحیه، ژماره‌یه‌ك منداڵى ئاوارهشی تێدایه كه له كه‌مپه‌كه‌ى ئه‌م ناحیه‌یه یان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
زه‌رده‌شت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خانكێ به 964ـى وت، به‌پێویستیان زانیوه كه‌موكوڕییه‌كانى باخچه‌ى منداڵان نه‌هێڵن، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیان به مۆكێت هه‌بوو بۆیان دابینكردوون.
وتیشی “به‌بڕى شه‌ش ملیۆن دینار هه‌زار و 500 مه‌تر مۆكێتیان پێویست بوو، بۆمان دابینكردن و له‌رێگه‌ى تیمێكیشهوه له‌ته‌واوى ژووره‌كان راخران”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له ناحیه‌كه پێویستیان به دروستكردنى باخچه‌ى زیاتره بۆ منداڵان، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆرى منداڵ له‌و باخچهیهن كه 220 منداڵن، كه جگه له منداڵانى سه‌نته‌رى ناحیه، منداڵانى ناو كه‌مپیش له باخچهكهن.