لەلایەن رێکخراوى گەشتیارى عەرەبییەوە
بەغدا وەک پایتەختى گەشتیارى عەرەبى بۆ ساڵى 2025 دیاریکرا
964+
وریا فەتاح
رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دواى تێپەڕاندنى پێوەرەکان، شارى بەغدا وەک پایتەختى گەشتیارى عەرەبى بۆ ساڵى 2025 رادەگەیەنین.
هەڵبژاردنى بەغدا وەک پایتەختى گەشتیارى وڵاتانى عەرەبى پەیوەستە بە چەند پێوەرێکەوە، لەوانە ژێرخانى گەشتیارى، هەمەجۆرى و سەرچاوەکانى گەشتیارى و چالاکییە گەشتیارییەکان و پاراستنى ژینگە، وەک رێکخراوەکە خستوویەتییەروو، بەغدا وەڵامدەرەوەى ئەو پێوەرانە بووە، بەتایبەت لە سەلامەتى و ئەمنییەتى گەشتیاریدا.
“زۆر بۆنە و مەراسیم بە درێژایى ساڵى 2025 لە بەغداى پایتەخت جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش بە ئامانجى گەشەپێدانى گەشتیارى عەرەبى و ناوخۆیى و عێراقى”، رێکخراوەکە وا دەڵێت.
هەڵبژاردنى بەغدا وەک پایتەختى گەشتیارى عەرەبى لە کاتێکدایە، وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا عێراقى خستووەتە لیستى ئەو وڵاتانەى کە بۆ گەشتیار سەلامەت نین.
رێکخراوی گەشتیاری عەرەبی، رێکخراوێکى گەشتیارییە و لە ئەنجومەنى وزارى عەرەبى سەرچاوەى گرتووە و خەم و هەمى رێکخراوەکە بۆ گەشتیاریی وڵاتانى عەرەبییە.
رێکخراوەکە، رۆڵێکى گرنگ دەگێڕێت لە کاریگەری لەسەر ئاست و گەشەپێدانی گەشتیاری لە جیهانی عەرەبیدا، بارەگا سەرەکییەکەشى دەکەوێتە جددە لە شانشینى سعودیە و لەسەر راسپاردەى شازادە سوڵتان بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود، سەرۆکی فەخری ڕێکخراوەکە و سەرۆکی کۆمیسیۆنی سعودیە بۆ گەشتوگوزار و میراتی نیشتمانی دامەزراوە.