عێراق لە لیستەکەدایە

خراپترین وڵاتان بۆ گەشتکردن کامانەن؟

964+

وریا فەتاح

لەگەڵ نزیکبوونەوەى سەرى ساڵى زاینى، گەشتکرد بۆ وڵاتان زیاتر  دەبێت و خەڵکیش زۆر جار لەبەردەم دەیان بژاردەدان، رەنگە زۆرێکیش بیانەوێ وڵاتى نوێ و جیاواز تاقى بکەنەوە و سەردانى بکەن، بەڵام بەرلەوە پێویستە زانیاریت لەسەر ئەو وڵاتانە هەبێت کە مەترسیدارن بۆ گەشتکردن.

عێراق لە لیستى ئەو وڵاتانەدایە کە بە ناوچەى مەترسیدار بۆ گەشتیاران دیاریکراوە

زۆربەی ئارەزومەندانی گەشتکردن بە گشتی هەست دەکەن هەموو وڵاتێک شایەنی سەردانکردنە، لەم بابەتەدا لیستێکى ورد و پوختى خراپترین ئەو وڵاتانەتان پێدەڵێین کە ناوچەى مەترسیدارن بۆ گەشتکردن، جا بەهۆى شەڕو ئاڵۆزى بێت، یان رەوشى کەشوهەوا و رووداوى سروشتى.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا بەشێکى تایبەتى هەیە بە ناوى سیستمى راوێژکارى گەشتیارى، ئەو بەشە بەدواداچوون دەکات بۆ بارودۆخى وڵاتان و ناوچەکانى جیهان بەتایبەت لەڕووى گەشتکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکەشى چەند هۆکارێکى لەپشتە بەتایبەت لە ئاستى ململانێ و ئاڵۆزى و نائارامى و کارەسات و رەوشى کەشوهەوا.

بەپێى ئەوەى سیستەمەکە دیارى کردووە، لە ئێستادا هەندێک وڵات وەک رووسیا و ئۆکرانیا، ئیسرائیل و کەرتی غەززەی فەلەستین لە شەڕدان و ئەمەشى دیاریکردووە وەک وڵاتانى مەترسى بۆ گەشتکردن، بەڵام ئەو دیاریکردنە تا مانگى شووباتى 2024ـە، و ژمارەیەک وڵات لە لیستەکەدان، بەڵام دواى رووداوەکانى لوبنان، ئەو وڵاتەش یەکێکى دیکەیە لە وڵاتە مەترسیدارەکان.

بەپێى ریزبەندییەکە خراپترین وڵاتانى جیهان بۆ گەشتکردن ئەمانەن:

یەک: ئەفغانستان

دوو: بێلاڕوس

سێ: بورکینا فاسۆ

چوار: کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست

پێنج: هایتی

شەش: ئێران

حەوت: عێراق

هەشت: ئیسرائیل

نۆ: لیبیا

10: مالی

11: مەکسیک

12: میانمار

13: کۆریای باکوور

14: فەلەستین

15: روسیا

16: سۆماڵ

17: باشووری سودان

18: سودان

19: سوریا

20: ئۆکرانیا

21: ڤەنزوێلا

22: یەمەن

بەپێى پڕۆفایلى ئەو وڵاتانە بێت، ئەفغانستان لە ساڵى 2021ـەوە و دواى گەڕانەوەى تاڵیبان لە مانگى ئابى ئەو ساڵەدا، وڵاتەکە مەترسیدارترین وڵاتە بۆ گەشتکردن بەتایبەت بۆ هاوڵاتیانى ئەمەریکى.

لەبارەى عێراقەوە، روونکراوەتەوە کە هەڕەشەى گروپە میلیشاییەکان مەترسین بۆسەر ئەو کەسانەى گەشتى ئەو وڵاتە دەکەن، تەنانەت باس لەوەکراوە کە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى ئاشتیانەش زۆرجار دەگۆڕدرێن بۆ توندوتیژى و مەترسى و رفاندن.

وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا ئەو بنەمایانەى لەسەر هاوڵاتیانى خۆى دیاریکردووە، واتا ئاستى مەترسیى ئەو وڵاتانە بەپێى ئەم خشتەیە بۆ هاوڵاتیانى ئەمەریکییە و دەکرێت هەمان لیست بۆ هاوڵاتى وڵاتانى دیکە راست نەبێت، بەتایبەت لەڕووى سیاسییەوە، بۆنمونە گەشتکردنى هاوڵاتییەکى عێراقى بۆ ئێران ئەو ئاستى مەترسییەى نییە کە بۆ هاوڵاتییەکى ئەمەریکى دروست دەبێت.

گەشتکردن بۆ تورکیا کەمبووتەوە

گەشتکردن بۆ تورکیا کەمبووتەوە