
نرخی دۆلار سەر بەرەو خوارە
964+
هێمن بەکر
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە نرخی دۆلار لە بەرانبەر دینار روو لە دابەزینە، نرخی 100 دۆلار لە نێوان 161 بۆ 165 هەزار دینارە بەپێی شار و بازاڕە جیاوازەکان.
شەوی رابردوو دابەزینێکی بەرچاو لە نرخی دۆلار روویدا، دوای ئەوەی شاندی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ شاندێکی بانکی ناوەندیی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا کۆبووەوە.
تاوەکو سەر لە ئێوارەی دوێنێ هەینی، نرخی 100 دۆلار لە سەرو 170 هەزار دینار بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنی ئەمریکی جەختیکردبووەوە کە لەگەڵ سەقامگیری نرخی دیناری عێراقین لە بەرانبەر دۆلار.
ئەو کۆبوونەوەیە وەکو ئامادەکارییەک بوو بۆ رۆیشتنی شاندێکی عێراقی سەبارەت بە هەمان بابەت بۆ ئەمریکا لە 8ی ئەم مانگە بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە.
هەر بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد، تیایدا سەرۆکە ئەمریکیەکە وتبووی، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە پاراستن و پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق.