"چاوەڕێ مەبن"
پردەکەی داقوق بە پارە نەبێ ناکرێتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
پردەکەی داقوق کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی نێوان کەرکوک بۆ بەغدا، ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بەهۆی باران بارینەوە، دیوێکی پردەکە داروخاوە و ماوەی سێ مانگە نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام بەڕووی شۆفێراندا داخراوە و نەکراوەتەوە.
خەڵک دەلێن پردەکە، ستراتیژییە و هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراق قو بە دیاریکراوی بەغدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
سامر ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێگاوبانی کەرکوک بە964ـی وت، بڕیاربوو لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا پردەکە بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لیژنەی پەیوەندیدار سەردانی ئەو بەشە تەواوکراوەی پردەکەی نەکردووە و پێشیان راگەیاندوون، جگە لەو بەشەی کە نۆژەن کراوەتەوە دەبێت بەتەواوی پردەکە نۆژەن بکرێتەوە.
دەرکەوتووە ئامانج لە نەکردنەوەی پردەکە تائێستا، بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە، کە بەشەکانی تری پردەکە بەهەمان شێوە پێویستی بەنۆژەنکردنەوەیە، چونکە بەپێی بەدواداچونەکان گومان و مەترسی داروخانی هەیە و ساڵانێکی زۆرە ئەو پردە نۆژەن نەکراوەتەوە و بەردەوام هاتوچۆی لەسەرە.
رێگاوبانەکانی کەرکوک، نوسراویان بۆ پارێزگا و لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بۆ ئەوەی پارەی نەختینەیان بۆ تەرخان بکرێ، تاوەکو دەست بکەن بەنۆژەنکردنەوەی بەشەکانی تری پردەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.
پردی داقوق کە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە دیوێکی پردەکە رووخاوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆری بەردەوام و فشارێکی زۆر خراوەتە دیوەکەی دیکەی پردەکە و رووداوەکانی هاتوچۆش بەڕێژەیەکی زۆر و چەند ھێندە لەچاو رابردوو زیادی کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا