بێ دەستکەوت نەبوو

پارێزگارى کەرکوک بۆ 964: بە زیادکردنى 100 میگاوات کارەباوە لە بەغدا گەرامەوە

964+

وریا فەتاح

سەردانەکەى پارێزگارى کەرکوک بۆ بەغدا بێ دەستکەوت نەبوو، سەرەڕاى کەمبوونەوەى کارەباى هەموو عێراق، بەڵام 100 مێگاوات کارەباى بۆ کەرکوک زیاد کرد.

بەرهەمى کارەباى عێراق بۆ نیوە دابەزیوە و 10 بۆ 11 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى دەدرێت بە هاوڵاتیان

شەوى رابردوو بۆ کێشەى کارەباى پارێزگاکەى، رێبوار تەها پارێزگارى کەرکوک گەیشتە بەغدا، کاتژمێر 11ـى ئەمشەو 964 قسەى لەگەڵ کرد وتى،”ئێستا گەیشتمەوە کەرکوک و توانیم 100 مێگاوات کارەباى کەرکوک زیاد بکەم”.

وەک باسى دەکات، کێشەى کارەبا لە عێراق سەرتاسەرییە، لە حەوت رۆژى رابردوودا، بەرهەمى کارەباى عێراق لە 26 هەزار مێگاواتەوە بۆ 13 هەزار مێگاوات کەمى کردووەن ئەمەش واى کردووە کارەباى نیشتمانى 10 بۆ 11 کاتژمێر بدرێت بە هاوڵاتیان.

رێبوار تەها وتیشى،”جگە لە کێشەى کەمى کارەبا، ژمارەیەک گەڕەکى کەرکوک کە زۆربەیان کوردین، لەلایەن ئیدارەى پێشوترەوە فەرامۆشکرابوون و لۆدی کارەبایان بۆ دروستبوو، بۆیە بڕیارماندا لەماوەى 48 کاتژمێردا 100 محاویلەى 400 کەیڤى بۆ ئەو گەڕەکانە دابین بکەین و تائێستا 60 دانەیان دابەشکراون و ئێستاش بەم شەوە کارکردن بەردەوامە”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژى رابردوودا، ژمارەیەک گەڕەک و ناوچەى کەرکوک بەهۆى کەمبوونەوەى کارەبا زنجیرەیەک گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەورووبەرى پارێزگاری ...

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەورووبەرى پارێزگاری گەیاندە بەغدا