"پارەم پێ نییە بە پاس هاتوچۆ بكەم"
مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بۆ موچە گردبوونەوە و شەقامیان داخست
964+
دیلان محەمەد
مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی سلێمانی گردبوونەوە، داوا دەكەن موچەكانیان پێبدرێت، ئەگەرنا بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن بەردەوام دەكەن.
ئەمڕۆ شەممە 7.12.2024 ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە لە سلێمانی و لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوا لە شەقامی سالم گردبوونەوە و داوای خەرجكردنی موچەكانیان دەكەن، كە دوو مانگە موچە نەدراوە.
عەبدولواحید ئیبراهیم، یەكێك لەو مامۆستایانەیە لە گردبوونەوەكە بەشدارە و بە 964ی وت، داواكارن موچەكانیان دابەش دەكرێت و پێویستە ئەو حكومەتەی هەرێم بەخۆیدا بچێتەوە.
ئەوین عەلائەدین فەرمانبەری پەروەردەیە و بە بێتاقیەتییەوە وتی، تا موچە نەدرێت دەوام ناكات.
هەروەها وتی، “ئەگەر حكومەت شعوری هەبووایە چارەسەری موچەی دەكرد، بە بەڕێوەبەرەكەمم وتووە نایەمەوە بۆ دەوام، چونكە پارەم پێ نییە بە پاس هاتوچۆ بكەم.
لە هەفتەی رابردووەوە لە سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان، مامۆستایان و فەرمانبەران دژی خەرجنەكردنی موچەكانیان بایكۆتی دەوامیان كردووە و بەردەوامیشن.
ئەمڕۆ كە 7.12یە، هێشتا موچەی مانگەكانی 10 و 11ی فەرمانبەرانی كوردستان دابەش نەكراوە و هیچ هەواڵێكی تازەش لە بارەی خەرجكردنی موچە نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا