پێچەوانەی زۆربەی ناوچەکان
ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە گەرمیان دەستیان بەسەردا ناگیرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لیژنەی ئەمنی ئیدارەی گەرمیان بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانی نەداوە، ھاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت، ھیچ نووسراوێکمان بەدەست نەگەیشتووە.
شەوی ڕابردوو، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری دا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکاندا بگیرێت، کە لە ناو ھاوڵاتیان بە شاھینە و مەلیکە ناسراون.
سامان عەلی، وتەبێژی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ى وت، ئەو بڕیارەی شەوی رابردووی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، تایبەتە بە پارێزگاکە خۆی، لە گەرمیان ھیچ بڕیارێک بۆ دەستگیرکردنیان نییە.
وتيشى “لیژنەی ئەمنیی ئیدارەی گەرمیان تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەش کۆنەبوونەتەوە بۆ بڕیاردان لە بارەی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەی ئەمنیی ئیدارەی گەرمیانن، تا ئەوکاتە ھیچ لێپرسینەوە یان دەستبەسەرداگرتنێک لە سنوورەکە ناکرێت.
ھیچ ئامارێکی فەرمی نییە لەبارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەڵام لە ماوەکانی پێشوودا کۆد دراوە بە نزیکەی 860 ئۆتۆمبێل، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی گەرمیان.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن
خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان گردبوونەوە
