خاوەن مۆلیدەکان ناڕازین و پارەیان وەرنەگرتووە
لە خانەقین بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە هەزار دینار دیاریکراوە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
سێ رۆژە نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی خانەقین لەلایەن قایمقامە تازەکە دیاری کراوە کە تەنیا هەزار دینارە، ئەوەش بە خاوەن مۆلیدەکان هەزم ناکرێت.
جەواد فەیزوڵا قایمقامی خانەقین بە 964ـی وت، “مۆلیدەکان بەپێی کاتژمێرەکانی کارکردن پارەیان پێدەدرێت، کە 50 دینارە بۆ هەر کاتژمێرێک، مانگی رابردووش کارەبای نیشتمانی لە خانەقین زۆر باش بووە و بە گشتی ماوەی کارکردنیان لە نێوان 15 بۆ 20 کاتژمێر بووە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی کاتژمێرەکانی کارکردنی مۆلیدەکان، ئەو نرخەیان بۆ دیاریکراوە و بەهیچ شێوەیەکیش زیاد ناکرێت.
لە بەرامبەردا بەشار حەقی نوێنەری خاوەن موەلیدەکان بە 964ـی وت، “ئەو نرخەی کە لەلایەن قایمقامییەتەوە دانراوە هیچ گونجاو نییە و بەشی موچەی کارمەندەکان و خەرجییەکانی مۆلیدەکە ناکات، بۆیە وەکو سکاڵا گەیەندراوەتە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بۆ ئەوەی هەندێک زیاد بکرێت” .
ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا پارەی کارەبای مۆلیدە لە خانەقین کۆنەکراوەتەوە و خاوەن مۆلیدەکان چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی دەکەن، بەڵام ئیدارەی شارەکە سوورە لەسەر ئەوەی کە دەستکاری نرخ نەکرێت، ئەگەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە، ئەو نرخە دەبێتە کەمترین نرخ لە ماوەی ئەمساڵدا کە بۆ ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە خانەقین دانرابێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری