بێ نانی فریاکەوتنی شەهید هەژاری پەکخست
+964
هونەر فارس – کەلار
دابین نەکردنی خواردن و کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، کۆتایی بە سەبری کارمەندانی نەخۆشخانەکە هێنا و بڕیاریانداوە جگە لە حاڵەتی مەترسیدار هیچ نەخۆشێک نەبینن.
بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، ماوەی چوار مانگە خواردن لە کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بڕاوە و کارمەند و پزیشکان بەناچاری لە ماڵەوە یاخود بە دیلیڤەری خواردن دەهێنن.
ڕزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە تۆڕی964ی راگەیاند: ئێستا کارمەندەکان مانیان گرتووە و بڕیاریشە لە مانگرتن بەردەوام بن تا ئەوکاتەی گرفتەکانیان چارەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کارگێڕی نەخۆشخانەکە پاڵپشتی لە داوای کارمەندەکانی دەکات و لە ئەمڕۆوە جگە لە حاڵەتی خەتەر هیچ نەخۆشێک نابینن.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان بڕی 140 ملیۆن چەکی هەیە، بەڵام بەهۆی سەرف نەکردنی پارەوە لە ئێستادا نزیکەی 100ملیۆن دینار پارەی ئەو ڕێستۆرانتەی لایە کە خواردنی بۆ کارمەندانی تەندروستی دابیندەکرد، لەو بڕە پارەیەش نزیکەی 26 ملیۆنیان بەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار دەکەوێت.
کارگێڕی نەخۆشخانەکەش، دابین نەکردنی دەرمان و خەرجنەکردنی پارەی خواردنی کارمەندانی نەخۆشخانە حکومیەکان بۆ پەکخستنی کەرتی حکومی دەگەڕێننەوە.
گرفتەکانی کەرتی تەندروستی لە گەرمیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و وابڕوات پێشبینی دەکرێت لە چەند ساڵی داهاتودا تەندروستی ناوچەکەو نەخۆشخانە حکومییەکانی زیاتر پەکیان بکەوێت.