هەشتەمین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی هونەرە جەنگییەکان
200 پاڵەوان لە سۆران رووبەڕووی یەکتر بوونەوە
964+
ئاکام غەفور-سۆران
بە بەشداری نزیکەی 200 یاریزانی کچ و کوڕ، هەشتەمین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی هونەرە جەنگییەکان لە سۆران بەڕێوەچوو، کە هەر یەک لە یارییەکانی بۆکسین، کیک بۆکسین و یاری سەربەست تیایدا ئەنجامدران.
یاریزانەکان لە کوردستان، عێراق، ئێران و سوریا بەشداریان کردبوو، بەشی گرنگی پاڵەوانیەتییەکە، یاری mma بوو، کە بە یاری سەربەست ناسراوە، یەکێکە لەو یاریانەی لە کوردستان زۆر کەم ئەنجام دراوە.
جەبار باب یەزدین، سەرپەرشتیاری پاڵەوانیەتییەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”پێنجەم جارە لە سۆران یاری سەربەست دەکرێت، کە ئەمڕۆ بەشی زۆری ئەو یاریزانانەی بەشداری یاری سەربەستیان کرد، یاریزانی کورد بوون”.
بەپێی قسەی ئەو سەرپەرشتیارە، ئەمڕۆ 12 یاری سەربەست بە بەشداری 24 یاریزان ئەنجام دراوە.
دەشڵێت، ئەوەی لیرە جیاوازە ئەوەیە، دووەم جارە کچان لە سۆران بەشداری لەو پاڵەوانێتییە دەکەن، کە شەش یاری بۆکسین و کیک بۆکسینی کچانمان هەبوو، مەبەستمانە ئەو پەیامە بگەیەنین کە ئەو یاریە تایبەت نیە بە پیاوان و کچانیش دەتوانن بەشداری بکەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر