لە وەرتێ قۆناغی دووەمی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستیپێکردووە - وێنە؛ ئەرشیفی 964
سەردانی بەغدای کردووە
سامانە سروشتییەکان بۆ بەغدا: بەشی هەرێم لە بەنزین و نەوتی سپی بنێرن
964+
ژووری هەواڵ
شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووەتەوە، لەدوای کۆبوونەوەکەش سێ بڕیار دراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.11.2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، شاندێکی وەزارەتەکەیان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ عەلی معارج، بریکاری وەزاتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن و وەزیر بەوەکالەت گفتوگۆیان کردووە لە بارەی دابیکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان.
مژارێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بریتی بووە لە “پرسی هەژمارکردنی لیتری قیاسی نەک قەبارەی سروشتی بۆ ناردنی بەشی هەرێم لە نەوتی سپی”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بڕیاریانداوە بەشی هەرێم لە نەوتی سپی دەست بەجێ بنێردرێت.
لە بڕیارەکاندا ئەوەش هاتووە کە “چاوەڕێ بکرێت بارودۆخی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بۆ بەرهەمی بەنزین باش بێت، تا بەشێک لە بەنزین بۆ هەرێم تەرخان بکرێت و دیراسەکردنی بابەتی لیتری قیاسی و قەبارەی سروشتی لە وەزارەت تا بڕیاری لەسەر بدرێت”.