وادەکەی کۆتاییهاتووە
بەربژێرەکانی هەڵبژاردن لەسەر لێنەکردنەوەی پۆستەرەکانیان سزا دەدرێن
964+
ژووری هەواڵ
ئەو وادەیە کۆتاییهاتووە کە کۆمیسیۆن بۆ لابردنی پۆستەرەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو، بەڵام هێشتا بەشێک لە پۆستەرەکان لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ماون، کۆمیسیۆنیش دەڵێت، لێنەکراوەکان تۆمار دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25.11.2024 ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، به 964ـى راگهیاند، پێشتر بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ئەو وادەیە درێژکرایەوە کە بۆ لێکردنەوەی پۆستەرەکان دیاریکرابوو، لە دوێنێشەوە وادەکە کۆتاییهاتووە و دەستیانکردووە بە لێکردنەوەی پۆستەرەکان.
“لەگەڵ شارەوانی هەماهەنگیمان هەیە و ئەوان دەستیانکردووە بە لێکردنەوە و تۆمارکردنی ئەو پۆستەرانەی کە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان ماون، دواتر بە راپۆرت ئاگادارمان دەکەنەوە و کۆمیسیۆن بڕیار دەدات لە دەرکردنی سزای پێبژاردن بۆ بەربژێرەکان”، ئامانج عەزیز وای وت.
دوای تۆمارکردنی سەرجەم پۆستەرە لێنەکراوەکان، زانیارییەکان رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکرێت، دواتر ئەنجوومەنەکە بڕیار لەسەر بڕی پێبژاردنی بەربژێر و حیزبەکان دەدات، پێبژاردنەکانیش لە 250 هەزار دینار بۆ 2 ملیۆن دینار دەبێت.
لە هەولێر و دهۆکیش پرۆسەی لێکردنەوەی پۆستەرەکان بەهەمان شێوەیە و شارەوانییەکان دەستیانکردووە بە لێکردنەوەیان.