نۆ گەڕەکی کەلار بێ ئاون

964+
میلاد جەلال

ئەگەرچی دەوترێت باران رەحمەتە، بەڵام ئاوی خواردنەوەی لە نۆ گەڕەکی کەلار بڕیوە، بە قسەی بەرپرسانی قەزاکە.

ئەو گەڕەکانە بریتین لە ھەریەک لە تەجاوزەکانی پشت بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەلار، شێروانە، ناو بازاڕ، حەی شورتە، ئەندازیاران، سەرکەوتن، سیروان، تەجاوزەکانی گۆران و نزیک مزگەوتی شافیعی.

ئاراز محەمەد، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەلار بە تۆڕی 964ی راگەیاند “دوو پاڵاوتگەی ئاو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئاو لە رووباری سیروان وەردەگرن، بە ھۆکاری ئەو بارانبارینە و کۆنی پاڵاوگەکە لە دوێنێوە لێڵبوون لە حەوزی پاڵاوتگەی یەک دروستبووە کە پاڵاوگەی سەرەکیە، ئەمڕۆ ئاو بەسەر ئەو گەڕەکانە دابەش ناکرێت تاوەکو ئاوەکە رووندەبێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو لێڵبوونە چارەسەر بکەن و لە سبەینێوە دووبارە دەست بە دابەشکردنی ئاو دەکەنەوە بۆ ھەموو گەڕەکەکان”.

پاڵاوگەی یەک دەکەوێتە گەڕەکی بەردەسوری کۆن لە کەلار، بە نزیکەیی 15 ھەزار ماڵ لەسەر ئەو پاڵاوگەیەن و ئەمڕۆ پێنجشەممە بێ ئاو دەبن.