یانەی شێروانە: یاریزانمان نییە بۆ جامی کوردستان

964+
میلاد جلال – گەرمیان

یانەی شێروانە بۆ وه‌رزی دووه‌می له‌سه‌ریه‌ك به‌شداری پاڵه‌وانیه‌تی جامی کوردستان ناکات، راھێنەری یانەکەش دەڵێت “یاریزانمان نییە”.

یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كوردستان بۆ تۆپی پێ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام یانه‌ی شێروانه‌ دووه‌م وه‌رزه‌ به‌شداری تێداناكات.

پاڵه‌وانیه‌تی ئه‌مساڵ به‌ به‌شداری 32 یانه‌ ده‌ستپێكرد، كه‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆ یارییه‌كان ئه‌نجامدران، به‌ پێی بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان یانه‌ نایابه‌كان ده‌بێت به‌شداری بكه‌ن، ته‌نیا یانه‌ پله‌ یه‌ك و پله‌ دووه‌كان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ تێیدا به‌شدارده‌بن.

یانه‌ی شێروانه‌ یانه‌یه‌كی پله‌ نایابی كوردستانه‌ و له‌ خولی نایاب به‌شداره‌، بۆیه‌ به‌هۆی به‌شدارینه‌كردنی له‌ جامی كوردستان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سزابدرێت.

عادل عه‌لی راھێنەری یانەی شێروانە بە تۆڕی 964 ی وت “ئەم وه‌رزه‌ بەشداری تیروپشکی جامی کورستانیشمان کرد، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەر براوەی یانەی باتیفا و سنوور دەکەوتین و دەبوو بۆ یاریكردن بچینه‌ دھۆک، بە ھۆی دووری ڕێگه‌كە و پێکانی یاریزانەکانەوە، نه‌مانتوانی به‌شداری بكه‌ین”.

راهێنه‌ره‌كه‌ی شێروانه‌ ره‌تیكرده‌وه‌ به‌هۆی بێ پاره‌ییه‌وه‌ به‌شداری جامی كوردستانیان نه‌كردبێت، به‌ڵكو پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ به‌هۆی نه‌بوون و پێكانی یاریزانانی تیپه‌كه‌ی پاشه‌كشێیان كردووه‌.

له‌ پێكهاته‌ی یانه‌ی شێروانه‌، ئێستا هه‌ر چوار یاریزانی سه‌ره‌كی “ئه‌حمه‌د جه‌لال، محه‌مه‌د دڵشاد، بەمۆ غەریب و بینه‌ر عه‌لی” دووچاری پێكان هاتوون و دابڕاون.

عادل عه‌لی ده‌ڵێت “بە دڵنیاییەوە سزای مادی دەدرێین، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە خولی نایابی کوردستانە، نەک جامی کوردستان، کە خولێکی لاوەکییە، ئەگەر یاریزانی دیكه‌مان تووشی پێکان ببن، ئەوکاتە کێشەمان بۆ خولی نایاب بۆ دروستدەبێت”.

“نازانین بڕی سزاکە چەندە و تا ئێستا ھیچ شتێکمان بۆ نەھاتووە، بەڵام ئەو سزایەمان پێباشتر بووە لەوەی کە ئەو رێگه‌ دوورە ببڕین و یاریزانەکانمان تووشی پێکان ببن” عادل عه‌لی وا ده‌ڵێت.

یانەی شێروانە لە خولی نایابی کوردستان، بە 22 خاڵ لە پلەی حەوتەمدایە بە جیاوازی 5 خاڵ لە یانەی ئاراراتی خاوه‌ن ریزبەندی یەکەم.