بۆ کارى خۆبەخشى

دوو گەنجی سلێمانی کاندیدن بۆ خەڵاتێک لەسەر ئاستی عێراق

964+

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى

دوو گەنجی شاری سلێمانی کاندیدن بۆ بردنەوەی خەڵاتی (بەخشینی نیشتمانی) لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە.

هیوای هەژاران کە ساڵانێکە کارى خۆبەخشى دەکات و یارمەتى هەژاران دەدات، یەکێک لە کاندیدەکانە و بە 964ـى وت، خۆی و دیار حەسەن (دیار پێت)، کاندیدن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی بەخشینی نیشتمانی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە.

خەڵاتەکە لەسەر بنەماى دەنگدانە و کێ زۆرترین دەنگى پێبدرێت خەڵاتەکە دەباتەوە.

هیواى هەژاران و دیار حەسەن کە دوو کاندیدى کوردى دانیشتووى سلێمانین ساڵانێکە کارى خۆبەخشى دەکەن، هیواى هەژاران لەسەر هاوکارکردنى خەڵک و دیار حەسەن لە بوارى هاوکارى ئاژەڵان، کاندید کراون.

هەرچەندە ئێستا بە گومانى ساختەکارى لە دەنگدان پڕۆسەکە راگیراوە، بەڵام وەک ئەوەى هیواى هەژاران باسى دەکات تا ئەو کاتەى پڕۆسەکە بە ئاسایى بەڕێوە دەچوو، لە پلەى یەکەمدا بوو.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح