کارکردن لە رێگاى مەرزى کێلێ..وێنە: وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە
نیوەى ماوەى پڕۆژەکە تێپەڕیوە
نۆژەنکردنەوەى رێگاى کێلێ نیوەى کارەکانى تەواو نەبووە
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە نزیکەى حەوت مانگە پڕۆژەى نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى رێگاى مەرزى کێلێ لە سنوورى پشدەر دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا نیوەى کارەکانى تەواو نەبووە.
رێگاکە، بە رێگاى قەڵادزێ – دارشمانە ناسراوە کە رێگاى سەرەکى مەرزى کێلێیە و لە ماوەى رابردوو شۆفێرانى مەرزەکە چەند جارێک دژى تەواو نەکردنى رێگاکە گردبوونەوە.
شۆفێرانى مەرزى کێلێ گردبوونەوە
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە بڵاوى کردووەتەوە، کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای قەڵادزێ-دارەشمانە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین قۆناغی گرنگی بڕیووە، بڕگەی قیرکردن لەبەشێکی رێگاکە ئەنجامدراوەو لەئێستادا رێژەی کارکردن گەیشتوەتە 45%.
کارکردنەکە شەش مانگ و 24 رۆژ لەمەوبەر لەو رێگایە دەستى پێکردووە و لەلایەن دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوە بەردى بناغەکەى دانراوە کە خۆى دەبینێتەوە لە نۆژەنکردنەوە و قیرکردنى رێگاکە بە درێژایى 10 کیلۆمەتر و بڕى 875 ملیۆن دینارى بۆ دانراوە.
300 رۆژ بۆ تەواو کردنى پڕۆژەکە دانراوە، بەڵام نیوەى زیاتر کاتەکەى تێپەڕێوە و رێژەى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە نەگەیشتووە بە نیوە.
پڕۆژەی رێگای (قەڵادزێ-دارەشمانە) یەکێکە لەپڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و جگەلەوەی رێگایەکی سەرەکی هاتوچۆی هاوڵاتیانە، هاوکات رێگایەکی بازرگانیەو دەروازەی کێلێ بەقەڵادزێ دەبەستێتەوە.
لە ماوەى رابردوودا، چەند جارێک شۆفێرانى بارهەڵگرى مەرزەکە دژى تەواو نەکردنى پڕۆژەکە گردبوونەوە، وەکخۆیان دەڵێن، رێگاى بەدیل کەڵکى نییە و پێویستە پەلە بکرێت لە تەواو کردنى ئەو رێگایە، چونکە زستانە و چیتر بارهەڵگرەکان ناتوانن هاتوچۆ لە رێگا جێگرەوەکە بکەن.