"هیچ بۆرییەکى ئاو لەو شوێنە نییە"
لە تەنیشت قەڵاى هەولێرەوە ئاو دێتە دەرەوە و بەخەسار دەڕوات
964+
دەشتی عارف ــ هەولێر
مانگێک دەبێت، وەک کانى ئاو لە بن ستونێکى کارەباى شۆستەى تەنیشت قەڵاى هەولێر هەڵدەقولێت و دێتە دەرەوە، بەڵام بەخەسار دەچێت و تێکەڵ بە ئاوى ئاوەڕۆ دەبێت، فەرمانگەى ئاویش دەڵێت: هیچ بۆرییەکمان لەوێ نییە.
دواى ئەوەى پەیامنێرى 964 دیمەنەکەى بینى کە ئاوێکى روون لە ژێر ستوونى سەر شۆستەکەوە دێتە دەرەوە، بەدواداچوونى کرد و لەگەڵ رابەر حوسێن، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر قسەى کرد، ئەو وتى،”هیچ بۆرییەکى ئاوى شارى هەولێر بەو شوێنەدا ناڕوات، بۆیە نازانین ئەو ئاوە چۆنە و لە کوێ دێتە دەرەوە”.
بڕیارە شەممەى داهاتوو یان یەکشەممە، تیمەکانى ئاوى هەولێر، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن هۆکارەکەى بدۆزنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح