"لە بەغدا کارەکە کراوە"
بژمێرەکانی پێنجوێن گرفتی ماڵی کەم و زۆریان هەیە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە قەزای پێنجوێن، جیاوازییەکی بەرچاو لە دابەشکردنی ژمارەی ماڵەکان بە بژمێرەکان کراوە و لە هەندێک ناوچە دەگاتە زیاتر لە 600 ماڵ، ئاماری پێنجوێن بە 964ی وت، بژمێر هەیە تەنیا 10 ماڵی پێ دراوە.
بەگوێرەی دواین ئاماری قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن، ئێستا دانیشتووانی قەزای پێنجوێن زیاتر لە 30 هەزار کەسن بۆ ئەو ژمارەیەش 280 بۆ 300 بژمێر دانراون.
ئاوات رەسوڵ، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاماری پێنجوێن بە 964ی وت، دابەشکاری ماڵەکان بەسەر بژمێرەکاندا بە سیستمێکی تایبەتی لە بەغداوە دیاریکراوە، کە بە سیستمی GIS ناسراوە و سیستمەکەش ئەلکترۆنییە و دەستکاری ناکرێت.
وا دەردەکەوێ، کێشەکە لە ناوچە جیاوازەکانی دیکەی عێراقیش هەبێت، ئەو وتی، تەنیا لە پێنجوێن و هەرێمی کوردستان هەمان گرفت نییە، لە هەندێک جێگا تەنیا یەک بژمێر 700 ماڵی بەرکەوتووە و هەندێک بژمێریش هەیە تەنیا 10ماڵ دەگەڕێت.
بە قسەی لێپرسراوی ئاماری پێنجوێن بێت، سیستمەکە بەجۆرێکە کە بینایەک تەنیا بە پۆینتێک ئەژمێر دەکات کە رەنگە ئەو باڵەخانەیە لە دوو خێزان و زیاتریشی تێدا بێت و لەو حاڵەتەشدا ئەرکی بژمێرەکە زیاتر دەبێت، وە ئەو تابلێتەی بە بژمێرەکان دراوە، تەنیا کاری خۆیان رایی دەکات و ناتواندرێت هاوکاری بژمێرێکی دیکە بکات کە کاری زیاتری ماوە.
ئەمڕۆ و سبەی سەرژمێری گشتییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان و زیاتر لە 120 هەزار کەس، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەژمێرن، وا چاوەڕێ دەکرێ، رۆژی شەممەی ئایندە، ئەنجامە گشییە سەرەتاییەکان بڵاوبکرێنەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا