بانگەوازی كۆمپانیاكان دەكات
پێشمەرگەی كوردستان سەنگەر دروست دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لە رێگەی تەندەرەوە بانگهێشتی كۆمپانیاكان دەكات بۆ دروستكردنی سەنگەر لە چەند شوێنێكی كوردستان.
لە چوار بانگەوازی جیاوازدا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرێبەستەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە، داوا لە كۆمپانیاكانی بیناسازی دەكرێت بەشداری لە كەمكردنەوەیەكی كراوە بكەن بۆ دروستكردنی چەند سەنگەر و رێگایەك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە چەند شوێنێكی كوردستاندا.
وەزارەتی پێشمەرگە لە بانگەوازی ژمارە (11) دا بانگهێشتی سەرجەم کۆمپانیاکانی بیناسازی بۆ بەشداریکردن لە کەمگەری کراوە، بەمەبەستی دروستکردنی (12 سەنگەر) بۆ فیرقەی چواری پیادە لە نێوان (کفری – کەلار- کولەجۆ) دەکات.
لە بانگەوازی ژمارە (12)دا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی گرێبەستەکان، بانگهێشتی سەرجەم کۆمپانیاکانی تایبەتمەند بە بیناسازی دەکات بۆ تێکەڵ رێژکردنی رێگای سەنگەرەکانی (ف١ – ف٢- ف٣ی لیوای 8ی) پیادە لە گوندەکانی(سعودیە، تەحتوکان، جەزرونیە، عین عویس) لە نزیک فیشخابور دەکات بەشێوەی کەمكردنەوەی کراوە.
هەروەها لە بانگەوازی ژمارە(13) دا، بەڕێوەبەرایەتییەکە بانگهێشتی سەرجەم کۆمپانیا بیناسازییەکان دەکات، بۆ دروستکردنی (بینا بۆ بارەگای فەوجی3ی لیوای 21ی) پیادە لە دەربەندی گۆمەسپان بە شێوەی کەمكردنەوەی کراوە.
لە بانگەوازی ژمارە(14)دا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرێبەستەکان بانگهێشتی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بە بواری بیناسازی دەکات بۆ بەشداریکردن لە کەمكردنەوەی کراوە بە مەبەستی دروستکردنی ( بینا بۆ بارەگای فەوجی 2 لیوای 12ی) پیادە لە تۆپزاوە سنووری ناحیەی بەرتلە.
وەزارەتەكە رایگەیاندووە، لە هەرچوار بانگەوازی ئاماژە بۆ کراودا، هەشت مەرج بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیاکان دیاریکراوە، هاوکات کرێی بانگەواز و کرێی تەندەر و رێكەوتەكانی وەرگرتن و کردنەوەی تەندەرەکان ئاشکرا دەکات.