ئەگەر دەتەوێت راژەکەت بگوازیتەوە پەلە بکە
بەڕێوەبەرایەتییەک لە سۆران پێویستى بە 31 فەرمانبەرە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى بازرگانى سۆران پێویستى بە راژەى 31 فەرمانبەر هەیە لەسەر میلاکى وەزارەتە جیاجیاکان و داوا دەکات هەر فەرمانبەرێک ئارەزوو دەکات سەردانیان بکات و فۆڕم پڕ بکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاگادارییەکەیدا بڵاوى کردووەتەوە، هەموو فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى دیکە دەتوانن میلاکەکانیان بگوازنەوە بۆسەر میلاکى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى، بۆیە ئەوەى دەیەوێت میلاکەکەى بگوازێتەوە سەردانى بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى بازرگانى سۆران بكەن بۆ وەرگرتنى فۆڕم.
روونیشکراوەتەوە، 10.12.2024، دوا وادەى گەڕانەوەى فۆڕمەکانە و دواتریش لە رێگەى لێژنەى تايبەت چاوپێكەوتن بۆ خوازياران دەكرێت.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، مەرجە هەر فەرمانبەرێک میلاکات بگوازێتەوە دەبێت بەڵێننامە پڕبکاتەوە کە بۆ ماوەى پێنج ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتى چاودێرى بازرگانى سۆران، داواى گواستنەوەى راژە نەکات.
یەکێکى دیکە لە مەرجەکانى دیکە ئەوەیە، خوازيار دەبێت لارى نەبوونى وەزارەتەكەى خۆى، پێش وادەى چاوپێكەوتنى ئامادە بكات و هەموو مەرجەکانی پلەی وەزیفی داواکاری هەبێت.
رونیشکراوەتەوە، ئەو 31 فەرمانبەرە تەنیا بۆ مەبەستى گواستنەوەى راژەیە نەک بۆ دامەزراندن.