گوندەکە ئێستا 18 ماڵی تێدایە
دانیشتووانی گوندێكی سنوری قەرەتەپە: تیمەكانی سەرژمێری ناومان تۆمار ناكەن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دانیشتووانی گوندی نارێنی سەر بە ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە کە کوردن، دەڵێن بۆ سەرژمێری دەمانەوێت بڕۆینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان، بەڵام تیمەکانی سەرژمێری پێیان وتوین تۆمار ناکرێن.
گوندەکە ئێستا 18 ماڵی تێدایە، نزیکەی 50 خولەک لە قەزای کەلارەوە دوورە، دانیشتووانەکەی بەھۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە لە سنوری گەرمیان نیشتەجێبوونە.
نیگار عومەر، یەکێکە لەدانیشتووانی گوندەکە بە 964ى وت،”ئیمە خەڵکی ئەو گووندە نزیکەی 1500 خێزانین و کارتی زانیاریمان سەر بە گوندی نارێنە، ئەو تیمەی کە رۆشتوون بۆ گوندەکەیان و ناوی ماڵەکانیان تۆمارکردووە عەرەبن، قسەمان لەگەڵ کردوون کە دەگەڕێینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان بۆ تۆماری سەرژمێری پێیان وتوین تۆمارتان ناکەین و لێرە خانووتان نیە، تەنھا ئەو 18 ماڵە تۆمارکراون”
“ئێمە بەھۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە بە ناچاری گوندەکەمان بەجێھێشتووە، ئێستا مافی خۆمانە لە گوندەکەی خۆمان تۆمار بکرێین، چونکە خاکی خۆمانە و ئەیانەوێت بەو شێوەیە نفوسی کورد لە گوندەکە کەم بکەنەوە”،نیگار عومەر وای وت.
یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی گوندەکە دەڵێت، “داوامان لە بەرپرسە کوردەکانە کێشەکەمان چارەسەر بکەن”.
زیاد نارێنی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکەیە بە 964ى وت،”ئێمە ھیچ شتێکمان ناوێت تەنھا لە گوندەکەی خۆمان تۆمار بکرێین، سەرەڕای مەترسی ھەبوونی داعش لەو سنورە، داواکارین چادرمان بۆ دابین بکرێت و ئەو چەند رۆژە لە گوندەکەمان بمێنینەوە، ئەگەر چادریشمان پێنادەن ھەر ئامادەین بەبێ ھیچ شتێک بڕۆینەوە گوندەکەمان”.
ئاماژەی بەوەشکرد،”چەند ساڵێک پێش ئێستا سێ کەسی نزیکی خێزانەکەمان لە گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعش رفێندران و دوانیان بە 10 دەفتەر دۆلار ئازادکران و ئەویتریشیان سەربڕی”.
“ھیوادارین بەرپرسانی کورد گرفتەکەمان چارەسەر بکەن و رێگا بگرن لەو شێوازە نوێیەی تەعریب کردن”،زیاد نارێنی وای وت.
964 پەیوەندیکرد بە حەیدەر محەمەد، بەڕێوەبەری ئاماری گەرمیان، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش