لە نەخۆشخانە ئیماراتیەکە هەموو شتێک بێبەرامبەرە
964+
پیشەوا محەمەد – سلێمانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی نەخۆشخانەی ئیماراتی عەتای لە شاری هەولێر راگەیاند، كە نەخۆشخانەیەكی مۆدێرنە و سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بێبەرامبەرە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، رۆژانە 220 كارمەند بە پێشكەوتووترین ئامێری پزیشكی، خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بە هاوڵاتییان دەكەن و تەنیا لە ماوەی سێ مانگیشدا، 853 نەخۆش چارەسەركراون و زیاتر لە 100منداڵیش لەو نەخۆشخانەیە لەدایكبوون.
د. لانە تەڵعەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بە پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وتووە: نەخۆشخانەكە لە بەشەكانی راوێژكاری، نەشتەرگەی، لەدایكبوونی سروشتی، خەواندنی نەخۆش، منداڵە ناكامەكان، دەرمانخانە، تاقیگە، تیشك و سۆنەر، پێك دێن، كە سەرجەمیان بێبەرامبەرن.
لەبارەی چارەسەركارییەكانی ئەو نەخۆشخانەیە، د. لانە تەڵعەت دەڵێت؛ لە یەکی تشرینی دووەمی 2022 نەخۆشخانەكە كراوەتەوە و لە ماوەی سێ مانگی كردنەوەیدا، 853 نەخۆش چارەسەریان بۆ كراوە و زیاتر لە 100 منداڵیش لەو نەخۆشخانەیەدا لەدایكبوونە.
نەخۆشخانەکە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی و تەندروستی هەولێرەوە دەرمانی بۆ دابیندەکرێت.