تەندروستی سلێمانی هاواری لێ هەستا
میدیازان – دیسکی سلێمانی – پێشەوا
بەهۆی کەمیی توانای مرۆیی نەبوونی پێداویستیی پزیشکییەوە، تەندروستی سلێمانی هاواری لێ هەستاوە و هۆشداری دەدات لەمەودوا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەک پێویست نابن.
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە میدیازانی ڕاگەیاند: بەردەوام لەناو شارەکان و سنووری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی داواکاری بۆ خزمەتگوزاری زیاتری تەندروستی زیاد دەکات، بەڵام توانای مرۆیی و پێداویستییەکانمان لە کەمبوونەوەدان.
وتیشی: “بۆیە لەمەودوا ناتوانین لە ئاست داواکاریی خزمەتگوزاریی هاووڵاتییاندا بین و ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن بە تایبەت توانای مرۆیی و پێداویستییە پزیشکییەکان.”
تەندروستیی سلێمانی پڕۆژەیەکی هەیە کە بریتییە لە ٢٤ بنکەی فریاگوزاریی تەندروستیی خێرا بۆ ناوچە سەرەکییەکان، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە هۆی نەبوونی بوودجە و پڕۆژەکەیان وەستاوە و ناتوانن جێبەجێی بکەن.