زەوییەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێت

%30زەوییەکانی مێرگەسۆر لە مین پاکدەکرێنەوە

ژوولی عەدنان

دانیشتووانی قەزای مێرگەسۆر و سۆران و ناحیەی بامەڕنێ و گوندەکانی دەوروبەری ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەمڕۆ کێڵگەی مینی سەری قەلەندەر لە چیای قەلەندەر 194 مین و یەک گولەی هاوەن دەتەقێندریتەوە بۆیە دەنگێکی گەورە دەبیستن و “پێویست بە ترس ناکات”.

عەلی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینی هەولێر بە 964 ی وت ” ئەو روبەرەی کە پاک دەکرێتەوە 92 هەزار مەتر دووجایە و بۆ ئاژەڵداری و گەشتیاری بەکاردێتەوە”.

وتیشی: ئیتر خەڵکی بە بێ ترس دەتوانن سوود لەو ناوچەیە وەربگرن ، لەگەڵ پاکبوونەوەی “تەسلیمی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە”.

باسی لەوەشکرد کە ئەوەی دایان ناوە پاکی بکەنەوە 1 ملیۆن مەترە و ئێستا ئەوان چوارەم بەشی پاک دەکەنەوە، %30ی پاککراوەتەوەو %70ی ماوە.

بە هۆی ئەم مینانەوە ساڵانە خەڵکی ناوچەکە زەرەو زیانی گیانی و مادییان لێکەوتووە، بەڵآم لە ئەمڕۆوە دەتوانن بە دڵنیاییی بەکاری بهێنن.