لە هەولێر
150 رێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانوو لەسەر زەویی سندوقی رادەستى خاوەنەکانیان کرا
964+
شۆڕش قادری
پارێزگاری هەولێر 150 رێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانوو لە سەر زەویی سندوقی، رادەستى خاوەنەکانیان کرد.
پارێزگار دڵی 6000 خێزانی هەولێری خۆشکرد و هیتریش بەڕێوەیە
هەرچەندە بڕیاربوو لە 1.9.2024، ئەو وادەیە کۆتایی بێت کە دیاریکرابوو بۆ پێشکەشکردنی داواکاری مۆڵەتپێدان بە خاوەن زەوییە سندوقییەکان، بەڵام ئەو وادەیە تا 1.12.2024 درێژکرایەوە و ئەمڕۆش لە رێورەسمێکدا و وەک قۆناغى نۆیەم، پارێزگاری هەولێر 150 رێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانووى لە سەر زەوی سندوقی رادەستى خاوەنەکانیان کرد.
ئومێد خۆشناو ئومێدى خواست، خاوەن زەوییەکان لە زووترین کاتدا بتوانن دەست بە دروستکردنى خانووەکانیان بکەن و ببن بە خاوەن خانووى خۆیان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە وەک كارئاسانی بۆ هاوڵاتیانى هەژار و کەمدەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکرێت.
ئومێد خۆشناو وتی، “تائێستا زیاتر له حەوت هەزار و 350 هاوڵاتیی سوودمەندبوونە و رێگەپێدانیان پێدراوە خانوو لە سەر ئەرزى سندوقى دروست بکەن و خانووەکانیان لە نێو حەرەمى گوند دروست بکەن و نۆژەن بکەنەوە، هێشتاش بەشیکى زۆرى مامەڵەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن لیژنەى پارێزگا ماوە”.
زەویی سندوقی ئەو زەویانەن کە دوو یان سێ لایان کراوە بەخانوو، پێشتر رێگە نەدەدرا بکرێن بە خانوو، دواتر بە بڕیاری حکومەت و بە رێنمایی رێگە پێدانیان بۆ دەرکراوە.