لە 130 هەزار مامەڵە 15 هەزار ماوەتەوە
پارێزگار دڵی 6000 خێزانی هەولێری خۆشکرد و هیتریش بەڕێوەیە
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر مژدە خۆشەکەی بە شەش هەزار و 256 خێزان راگەیاند، زەوییە سندوقییەکان مامەڵەیان تەواو بوو، دوای دروستکردنیش هەموو خانووەکان تاپۆ دەکرێن.
کەمێک پێش ئێستا (چوارشەممە 09.10.2024) ئومێد خۆشناو بۆ رۆژنامەنووسان و خاوەن زەوییەکان قسەی کرد و رایگەیاند، “ئەمڕۆ مامەڵەی شەش هەزار و 256 خێزان تەواو بووە، یەکسەر دەتوانن دەست بکەن بە دروستکردنی خانوو، وتیشی ”بەقەد ئێوە دڵمان پێی خۆشە، بە خۆشی دروستی بکەن و بە خۆشی تێیدا بژین”.
زەوی سندوقی ئەو زەویانەن کە دوو لای یان سێ لای خانووە، جاران رێ نەدەدرا بکرێن بە خانوو، بەڵام دواتر بڕیاری رێپێدانیان بۆ دەرکرا.
مژدەکەی محافز هەر ئەوە نەبوو، وتی، “بڕیارمانداوە بە فراوانکردنی حەرەمی گوندەکان، ئەو خێزانانەی ژن بۆ کوڕەکانیان دەهێنن یان ژمارەی خێزانەکانیان زۆرە، رێیان دەدەین خانوویەکی دیکە لەسەر زەوییەکەیان بکەن”.
بەپێی ئەو حیساب و کیتابەی پارێزگاری هەولێر کردی، لە هەولێر زیاتر لە 130 هەزار کارتی زەوی هەبووە کە خاوەنەکانیان نەیاندەتوانی مامەڵەی پێوە بکەن و بیکەنە سەنەد، بەڵام ئێستا لەو ژمارەیە شتێک لەسەروو 15 هەزار ماوەتەوە و ئەوانیش چارەسەر دەکرێن.
ئومێد خۆشناو بە رۆژنامەوان و خاوەن مامەڵەکانی وت، ”هەموو ئەم بڕیارانە هەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون و هەم بۆ یارمەتیدانی خەڵکی کەم دەرامەتن”.