قۆناغی یەکەمە
زیاتر لە 300 نەمام لە شەقامێكی 60 مەتریی فەرمانبەرانی هەولێر چێندران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەولێر و لە شەقامێكی 60 مەتریی گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێر، زیاتر لە 300 دار چێندران، شارەوانیی هەولێریش دەڵێت ئەمە قۆناغی یەكەمە.
شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 13.11.2024 وەک قۆناغی یەکەم، هەڵمەتێکی فراوانی دار چاندن لە شەقامێکی نوێی 60 مەتری لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر دەستیپێكرد و زیاتر لە 300 دار چێندران .
وەك راگەیاندراوی شارەوانی باسی كردووە، هەریەكە لە سەرۆکی شارەوانیی هەولێر کارزان عەبدولهادی و بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر رێبین ئەحمەد حەوێز بەشداربووان و ئەوانیش داریان چاندووە.
“ئامانج لە هەڵمەتەكەدا زیادکردنی رێژەی سەوزاییە بۆ شەقامە گشتیەکان و گەڕەکەکانی شاری هەولێر، هەروەها بایەخدانە بە سروشت و ژینگەی هەولێری پایتەخت “، شارەوانیی هەولێر وادەڵێت.
شارەوانیی هەولێر و فەرمانگەی ئەندازەی پارك و باخچەكان ئەمساڵ چەندین هەڵمەتی دار و نەمام چاندنیان لە هەولێر ئەنجامداوە و لە سەرەتای ساڵیشەوە رایانگەیاند، پلانیان وایە 100 هەزار دار بچێنن.