لەسەر رێگای کەرکوک - بەغدا
لە دەوام دەگەڕایەوە ماڵەوە و ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و گیانی لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە دەوام دەگەڕایەوە ماڵەوە، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕا و گیانی لەدەست دا.
فەرمان نەشئەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە964ـی وت، “ئەو کەسەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە و دەوامەکەی لە شاری کەرکوک بووە، ویستویەتی بگەڕێتەوە ماڵی خۆی، کە لە شاری حلەیە، بەڵام مەرگ مەودای نەدا و گیانی لەدەست دا”.
“ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری BMWبووە و لە نزیک نەخۆشخانە تەواونەکراوەکەی قەزای داقوق، شۆفێرەکەی بەهۆی خێراییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە”، فەرمان نەشئەت وای وت.
رێگای کەرکوک – بەغدا و بە دیاریکراویش لە نێوان داقوق – خورماتوو کە رێگایەکی سەرەکییە و هەرێم بە بەغدا دەبەستێتەوە، بەردەوام لۆدێکی زۆری لەسەرە و بە یەکێک لە رێگا مەترسیدارەکانی ناوچەکە لەقەڵەم دەدرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری