دژی لەسێدارەدان 20 رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو
ژنە چالاکوانەکەی سنە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا
964+
شۆڕش قادری
وریشە مورادی چالاکوانی سیاسی و پارێزەری مافەکانی ژنان و ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سنە ئێستا لە زیندانی ئەوینـی تاران بەندکراوە و لەلایەن لقی 15ـی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “ئەندامیەتی پژاک و دژایەتی خودا” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەکشەممە 10.11.2024 بنەماڵەی وریشە لەم سزایە ئاگادار کراونەتەوە.
وریشە مورادی رۆژی سێشەممە 1.8.2023 لەرێگای نێوان مەریوان – سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و رەوانەی زیندان کرا، 10ـی مانگی رابردوو و لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، مانی لە خواردن گرت و ماوەی 20 رۆژی خایاند.