لە پاڵاوگەیەکی هەولێر کاری دەکرد
گەنجێک بەهۆی نەوتی رەشەوە گیانی لەدەست دا
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 10.11.2024 دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گەنجێکی دانیشتووی شاری هەولێر بەهۆی بەرکەوتنی نەوتی رەشەوە گیانی لەدەست دا.
رەوا محەمەد، هاوڕێی ئەو گەنجەیە و بە 964ی وت، سێ رۆژ لەمەوبەر لەو پاڵاوگەی کاری تێدەکات، کە کەوتووەتە سەر رێگای هەولێر- گوێر، بەهۆی بەرکەوتنی نەوتی ڕەش بە جەستەیەوە و سووتانی لە%90 جەستەی، ئەمڕۆ ئەو گەنجە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییەی هاوڕێیەکەی بە 964ی داوە، گەنجەکە تەمەنی 24 ساڵە و دەرچووی بەشی کیمیای ئەندازیارییە و تا ئێستا ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە.
لە ماوەی رابردوودا بە چەندین هۆکاری جیاواز چەند کرێکارێکی ناوخۆ و بیانی لە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێکی دروست نییە بۆ ژمارەیان.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا