"ئاگرەکە مەترسی نییە"

لە ئاکرێ شاخێک زیاتر لە 10 رۆژە ئاگری گرتووە و ناکوژێتەوە

شۆڕش قادری

لە ئاکرێ شاخێک بەهۆی بوونی جۆرە غازێکەوە، زیاتر لە 10 رۆژە ئاگری گرتووە و ناکوژێتەوە.

ئیبراهیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگريی شارستانی ئاکرێ بە 964ـی وت، “زیاتر لە 10 رۆژە شاخی سەرێ سادە لە ناحیەی بجیل بەهۆی بوونی جۆرە غازێکەوە ئاگری گرتووە و ناکوژێتەوە”.

“شاخەکە هیچ جۆرە ئاوەدانی و ئاژەڵێکی لێ نییە، بۆیە ئاگرەکە مەترسی نییە و ئێمەش هەوڵمان نەداوە بیکوژێنینەوە، چونکە پێمان باشە غازەکە بسووتێ و دواتر ئاگرەکە خۆی دەکوژێتەوە”، ئیبراهیم فەریق وای وت.

ئاشکراشی کرد، پێشتریش لە چەند شاخێکی دیکەی ئاکرێ، ئاگری لەو شێوەیە کەوتووەتەوە و حاڵەتەکە ئاساییە، چونکە ناوچەکە غازێکی زۆر هەیە.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ وتیشی، “داوامان لە قایمقامیەت کردووە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە جۆری غازەکە و هۆکاری ئاگرەکە پێکبهێنێت و ئەوانیش داواکەیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزکردووتەوە”.