داوای زیادکردنی کورسی دەکەن
ژمارەیەک لە پێکهاتەکان نیەتییان بۆ بەشداری لە کابینەی نوێ بەیان کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
لەسەر ئالیەتی چۆنیەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی راوێژكاریی کرد، داوایان کرد، نوێنەرانی پێکهاتەکان بەشداربن لە حکومەتی نوێ.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێم بەشداربوون، ئایدن مەعروف وتی، هەموو هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بە زووترین کات کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان پێکبهێنرێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.11.2024 بەڕێوەچوو ئەو قسانەی بۆ میدیاکان کرد و وتی، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەم کۆبوونەوەیە نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەشداربوون کە تیاییدا چەند تەوەرێک خرایەڕوو، داواشکرا لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوەی رابردوو گرنگی بە مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بدرێت.
بە قسەی، ئایدن مەعروف لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک هەڵوەستەیان کردووە، لەوانە داواکاربووین کە لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسی پێکهاتەکان بکرێت و بۆ 15 کورسی بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتە ئاینییەکان بەشدارییان هەبێت، چونکە لە رابردوودا تەنیا پێکهاتەی نەتەوەیی نوێنەرایەتییان لە پەرلەمان هەبوو.
ناوبراو بە پێویستیشی زانی کە گرنگی زۆر بدرێت بە یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015ی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کە تایبەتە بە پاراستنی ڕەوشی پێکهاتەکان و پێیوابوو دەبێت ئەم یاساییە بەشێوەیەکی کردەیی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەروەها داوایشی کرد کە پێکهاتەکان مافی ڤیتۆیان هەبێت، هاوکات لە بڕیار و گۆڕانکارییەکاندا ڕاوێژیان پێ بکرێت.