17 یان دۆزراونه‌ته‌وه‌ و 201 منداڵیش نادیارن

منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ سێ حكومه‌ت و دوو ده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر مێزێك كۆكرده‌وه‌

964+

شۆڕش هه‌ركی – هەولێر

كه‌یسی منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆردێكی تایبه‌تى بۆ دروستكراوه‌، ئه‌مڕۆ له‌و بۆرده‌ سێ حكمه‌ت و دوو ده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر مێزێك كۆكرده‌وه‌، ئه‌ندامێمی ئه‌م بۆرده‌ش ده‌ڵێت، تاوه‌كو ئێستا 201 منداڵ چاره‌نووسیان نادیاره‌.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6.11.2024 بۆرده‌كه‌ لە شاری هەولێر کۆبوەوە، كه‌ رێكخراوى خاچى سوورى نێوده‌ولبَه‌تیشیان له‌گه‌ڵ بوو.

د. کرمانج عوسمان، ئەندامی بۆردەکە و راوێژکاری وەزارەتی داد بە 964ـی راگه‌یاند، بۆردەكه‌ له‌ نوێنەری چەند وەزارەتێک و نوێنەری حکومەتی فیدڕال و کونسوڵخانەی ئێران پێکدێت، ئەمە یەکەمین کۆبۆنەوەی نێودەوڵەتییە ئه‌نجام بدرێت.

وتیشی “تا ئێستا 201 منداڵ چارەنووسیان نادیارە، 74 خێزانیش وه‌ك خاوه‌ندارێتی ئه‌م منداڵانه‌ سكاڵایان تۆماركردووه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، لە کۆبۆنەوەكە جەخت له‌سه‌ر میکانیزمێکی تایبەت كراوه‌ كه‌ كاره‌كانى بۆرده‌كه‌ دووربێت لە هه‌ر دەستوەردانێک، چونکە ده‌ڵێت “لە ماوەی رابردوودا چەند کێشەیەک لەسەر بابەتی پشکنینی DNA دروستبوو، بەڵام ئێستا ئەم پشکنینە لەهەولێر دەکرێت و پێویستیشه‌ له‌رێگه‌ى دادگاوه‌ بكرێت”.

به‌قسه‌ى ئه‌م ئه‌ندامه‌ى بۆرد، تاوه‌كو ئێستا ته‌نیا 17 منداڵ له‌و ونبووانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌ و به‌كه‌سوكاره‌كانیان شاد كراونه‌ته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

منداڵه‌ ونبووه‌كانی هەڵەبجە عێراق و ئێران كۆده‌كاته...

منداڵه‌ ونبووه‌كانی هەڵەبجە عێراق و ئێران كۆده‌كاته‌وه‌