مامۆستا "قوتابییه‌كانم هه‌موویان پیر بوونه‌"

قوتابخانەی خەرپانی یاده‌وه‌رییه‌كى 64 ساڵ له‌مه‌وبه‌رى به‌ مامۆستا و قوتابییه‌كان گێڕایه‌وه‌

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

لە چالاکییەکی دەگمەندا، مامۆستا و به‌شێك له‌ قوتابیانى قوتابخانه‌ى خه‌رپانى له‌ سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌ دواى 64 ساڵ به‌ یه‌كترى شادبوونه‌وه‌ یادى رۆژانى خوێندنیان كرده‌وه‌.

ئەمڕۆ 6.11.2024 لە دیدارێکدا لە قوتابخانەی گوندی خەرپانی دیدارێک بۆ مامۆستا عەبدوڵا، یەکەم مامۆستای گوندەکە سازکرا، ئه‌و قوتابیانه‌ى ساڵانى شەستەکانیش كه‌ له‌ ژیاندا ماون کۆکرانەوە.

مامۆستا عەبدوڵا، کە ناسراوە بە (عەبە سور) لە تەمەنی 19 ساڵیدا دەبێتە مامۆستا و یەکەم ئەزموونی مامۆستایەتی لە گوندی خەرپانی ھەورامان بووە، ئەمڕۆش دوای 64 ساڵ لە تەمەنی 83 ساڵیدا، گەڕایەوە گوندەکە و بە 964ی وت “ھەست دەکەم یەکەم رۆژمە کە ھاتمە گوندەکە، خەرپانی منی درووستکرد و لێرەوە بنیادی کەسایەتی خۆمم داناوە”.

ھادی حەمەساڵح قوتابییه‌كى مامۆستا عەبە سوور بووە له‌و گونده‌، بە 964ـی وت  “ئەمڕۆ و لەگەڵ ھاوڕێکانماندا گەڕاینەوە بۆ ئەوکاتەی كه‌ قوتابی بنەڕەتی بووین، ئەوەی کە ئێستاش دەیزانین ھی ئەوکاتەیە کە مامۆستاكان فێریان کردووین”.

عەبە سور، پەروەرده‌كار و مامۆستای دێرینی گوندی خەرپانی، خاوەنی کتێبی ئەلفوبێی تایبەت بە خۆیەتی بۆ پۆلی یەکه‌می بنەڕەتی، کە لە ساڵانی 2003 بۆ 2013 لە ناوەندەکانی خوێندندا خوێندراوە.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن

گەورەترین هەناری فێستیڤاڵی هەڵەبجە دیاریکرا

گەورەترین هەناری فێستیڤاڵی هەڵەبجە دیاریکرا