مەسرور بارزانی: چاوەڕێی حكومەتی عێراقین رێككەوتنەكە جێبەجێبكات

+964

كوردستان ئەحمەد – هەولێر

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و سەرۆك وەزیران دەڵێت، چاوەڕێی حكومەتی عێراقن رێكەوتنی نێوانیان جێبەجێ بكات.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تیمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشدار نەبووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەت، ئەمڕۆ بەرنامەی دانوستانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆی لێوەكراوە.

 مه‌سرور بارزانی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستور، رێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی دووپاتكردووه‌ته‌وه‌.

مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتوویەتی، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵن پابەند بێت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان.

باسی لەوەشکردووە، بە داخەوە دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.