"خەڵکی دیکەیان سەپاندووە"
گۆڕینی قایمقامە کوردەکەی خانەقین نیگەرانی دروست کردووە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی قایمقامییەت و دانیشتووانی ناوەندی خانەقین لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامییەتی شارەکە گردبوونەوە، ئەوەش بە مەبەستی پاڵپشتی کردنی قایمقامی شارەکە و مانەوەی لە پۆستەکەی.
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سەرجەم قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەکان دەبێت بگۆڕدرێن و ئەم بڕیارەش، ناڕەزایی ژمارەیەک خەڵکی لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت لە شارەکانی (قەرەتەپە، سەعدییە، سەلام، خاڵس و محەمەد سەکران)، خەڵک خۆپیشاندانیان دژ بەم بڕیارە دەکەن.
ئەرکان کاکەیی، رێکخەری گردبوونەوەکەیە و بە 964ی وت، قایمقامی ئێستای خانەقین خەڵکی شارەکەیە و دەرگای بۆ هەمووان کراوەیە و بەپێی توانای خۆی کاری بۆ شارەکە کردووە، هێنانی کەسێک لە دەرەوەی شار و سەپاندنی بەسەر خەڵکەکە کارێکی ناڕەوایە.
هەروەها، دلێر حەسەن سایە قایمقامی خانەقین بە 964ی وت، خەڵک ئازادە لە بژاردنی هەرکەسێک بۆ خزمەتکردنی و مافی خۆیانە داوای خزمەتگوزاری بکەن چ لە قایمقامی ئێستابێت یان ئەگەر کەسێکی تر بێت.
خانەقین لە ساڵی 1968- ەوە تاکو ئەمڕۆ 22 قایمقامی هەبووە و دوایەمینیان دلێر حەسەن سایەیە کە کوردێکی دانیشتووی خانەقینە و لە 16.1.2020 پۆستی قایمقامی خانەقینی وەرگرتووە و تا ئەمڕۆ لە پۆستەکەی ماوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا