هەواڵەكان
لە گەرمیان پەڵەی دا و نرخی تەماتەش دووقات بەرزبووەتەوە
ژووری هەواڵ
سبەی سێشەممە، کاریگەری شەپۆلی باران بارینەکە بە تەواوی لاواز دەبێت، ئەگەرێکی کەم هەیە لە هەندێک ناوچەی سنووری نمە باران ببارێ، بەڵام دوای نیوەڕۆ هەتاو خۆی نیشان دەداتەوە، ئەمە پێشبینی کەشناسی هەرێمی کوردستانە و دەشڵێت، ناحیەی بیارە لە هەڵەبجە بە بارینی 123 ملیم زۆرترین بڕی بارانی لێ باریوە، هەروەها لە گەرمیان پەڵەی داوە و کشتوکاڵی ناوچەکە داوای کردوە، دەست بە چاندنی تۆو بکرێ، چونکە تائێستا 103 ملیم باران باریوە و زیادیشی هەیە.
نرخى تەماتە دووقات بەرزبووەتەوە، ئەمڕۆ لە عەلوەی سلێمانی نرخی یەک کیلۆی بە هەزار و 300 دینار فرۆشرا، ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ تەماتەیە پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتر دەکەن.
ژمارەیەک شۆفێری بارهەڵگرى دەروازەی کێلێ، لە قەڵادزێ و لەسەر رێگەی چوون بۆ دەروازەکە گردبوونەوە و دەڵێن، بەهۆى ئەوەى کار لە رێگە سەرەکییەکەدا دەکرێت، ئەو رێگا گڵەى بووە بە جێگرەوەى چوون بۆ دەروزەی کێلێ لە پشدەر، بەهۆى بارانەوە بووە بە قوڕ و خلیسک.
فەرمانبەرێک لە ئاوی ئاکرێ، جانتایەکی دۆزییەوە کە پارەی تێدا بوو، لەلای خۆی هەڵی گرت تا خاوەنەکەی بە هاوکاری کامێراکانی پۆلیسی بەڵگە و تاوانی ئاکرێ، توانییان شوێنی بزربوونی جانتاکە بدۆزنەوە.