كلاسیكۆی 215

ئەمڕۆ كلاسیكۆی ئیسپانیا لە مەدرید بەڕێوەدەچێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ شەممە لە یاریی كلاسیكۆی یەكەمی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا، ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە مەدرید رووبەڕوو دەبنەوە، چاوەڕێی یارییەكی ئاگریین و بەهێز دەكرێت.

یاریی ئەمڕۆ لە گەڕی 11ی لالیگایە و كاتژمێر 10:00 دەستپێدەكات، لە كاتێكیشدایە بارسێلۆنا پێشەنگی خولەكەی گرتووە بە 27 خاڵ و ریال مەدریدیش بە 24 خاڵ لە پلەی دووەمە.

یاریی ئەمڕۆ بۆ هەردوو یانە قورسە، بە تایبەتی بۆ ریال مەدرید، كە بەبێ هەرچوار یاریزان كۆرتوا، رۆدریگۆ، كارڤاخال و ئالابا یاریی دەكات، بۆ بارسێلۆناش قورسە، چونكە لە ناو سانتیاگۆ یاریی دەكات و لەوەتەی 2019یەوە لە كۆی 12 یاریی كلاسیكۆ، تەنیا سێ جار بردنەوەی تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ كێ دەیباتەوە؟

یاریی ئەمڕۆ كلاسیكۆی ژمارە 215یە لە نێوان هەردوو یانە لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەكان و یارییە دۆستانەكاندا.

بە پێی ئامارەكانی تۆڕی وایڵد ستاتس، ریال 92 بردنەوەی تۆمار كردووە و بارساش 82 بردنەوە، هەروەها 40 یاری بە یەكسانبوون تەواو بووە.

ئەوەی جێی سەرنجە لەوەتەی 2019یەوە 12 یاریی كلاسیكۆ كراوە و هەمووی بە بردنەوە تەواو بووە، 9 بردنەوە بۆ ریال مەدرید و 3 بۆ بارسێلۆنا.

ریال لە مەترسیدایە

بەڕێوەچوونی یارییەكە لە كاتێكدایە بارسا بە سێ خاڵ لە پێش ریالە لە پێشەنگی خولی ئیسپانیا، بۆیە ریال مەدرید، كە لە یاریگەی خۆی و لە بەردەم جەماوەرەكەیدا یاریی دەكات، پێویستی بە بردنەوە هەیە، بە پێچەوانەوە شەش خاڵ لە بارسا دووردەكەوێتەوە و ئەركی قورستر دەبێت لە گەیشتن بە پلەی یەكەم.

هەردوو یانە ئامادەن

سەرەڕای دابڕانی چوار یاریزان لە تیپەكەی، بەڵام راهێنەری ریال مەدرید كارلۆ ئەنچیلۆتی رایگەیاند، تیپەكەی ئامادەیە و هەروەها براهیم دیازیش گەڕاوەتەوە پێكهاتەكەی.

ئەنچیلۆتی رایگەیاند، “هیچ تیپێك نییە وام لێبكات شەو خەوم لێ نەكەوێت”.

لە بەرامبەردا بارسێلۆنا دوای بردنەوەی لە بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ، ئێستا لە بارودۆخێكی زۆرباش و ئامادەدایە.

هانزی فلیك راهێنەری بارسێلۆنا رایگەیاند، بە شێوەیەكی باش خۆیان بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادە كردووە و پلان و بیرۆكەی خۆیان هەیە، كە بەرامبەر بایرن میونشن جێبەجێیان كرد.

پێكهاتەی پێشبینیكراو

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی پێكهاتەی پێشبینیكراوی بۆ یارییەكە بڵاوكردووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت بەم جۆرە بێت:

ریال مەدرید

گۆڵپارێز: لونین

بەرگری: مێندی، رودیگێر، میلیتاو، ڤاسكێز

ناوەڕاست: ڤالڤێردی، كاماڤینگا، مۆدریچ و بێلینگهام

هێرشبردن: ڤینیسۆس و ئێمباپێ

بارسێلۆنا

گۆڵپارێز: پینا

بەرگری: كۆندێ، مارتینێز، كۆبارسی، باڵدی

ناوەڕاست: كاسادۆ، پێدری، فێرمین لۆپێز

هێرشبردن: رافینیا، لێڤاندۆڤسكی و لامین یامال.

جیهان چاوەڕێی کلاسیکۆیەکی دیکە دەکات

جیهان چاوەڕێی کلاسیکۆیەکی دیکە دەکات