ساتی پاککردنەوەی زێی بچووک. فۆتۆ: شارەوانی تەقتەق
بەدرێژایی دوو کیلۆمەتر
شارەوانیی تەقتەق کەنار زێی بچووک پاکدەکاتەوە
ژووری هەواڵ
شارەوانیی تەقتەق، هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ پاککردنەوەی کەنار زێی بچووک و دەیەوێت سیمای کەنار زێیەکە جوان بکات و لە خۆڵ و خاشاک پاکی بکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24.10.2024، نەمر نیازی، سەرۆکی شارەوانیی تەقتەق رایگەیاند، بە درێژایی نزیکەی دوو کیلۆمەتر کەنار زێی بچوک پاکدەکەنەوە و رێڕەوی ئاوەکە رێکدەخەنەوە.
لە تەقتەق بە هۆکاری تێپەڕینی ئاوی زێی بچووک، زۆربەی زەوییەکانی ئەو ناوچەیە کراون بە کشتوکاڵ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ و حەوزی ماسی، بۆیە کەنار زێی بچووک هاتوچۆیەکی زۆری هاونیشتمانیان و جوتیارانی لەسەرە.
ناحیەی تەقتەق سەر بە قەزای كۆیە بوو، لە 1918 كرابووە ناحیە و كەوتووەتە لای راستی زێی بچووک، 90 کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و 60 کیلۆمەتر لە باکووری پارێزگای کەرکوکەوە دوورە.
لە ساڵی 1960دا بە بریاری حکومەتی ئەوكاتی عێراق بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی تێدا کراوەتەوە.
تەقتەق ناوچەیەكی كشتوكاڵیی گرنگە و سامانی ماسییش لەوێدا بایەخی پێدەدرێت، هەروەها لە رووی گەشتیاریشەوە بایەخی هەیە و گەشتیار سەردانی دەكەن.