”چوار بەرمیل نەوتیان پێویستە“

گوندنشینانی پشدەر بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنا بۆ کۆکردنەوەی دار دەبەن 

+964

محەمەد عەلی ـ پشدەر

ئەمساڵ نەوتی سپی لە پشدەر دابەش نەکراوە، گوندنشینان دەڵێن، بۆهەر ماڵێک پێنج بۆ شەش بەرمیل نەوتیان پێویسته بۆ تێپەڕاندنی وەرزی سەرما، بەهۆی بەرزی نرخەکەشی لە بازاڕدا ناتوانن بیکڕن، ژینگەی پشدەریش دەڵێت، “ئەگەر حکومەت نەوتی سپی دابین نەکات هاوڵاتیان زیاتر پەنا بۆ داربڕین دبەن”.

عەلی ئەحمەد، گوندنشینێکی پشدەرە ئەمڕۆ چوار شەممە 24.10.2024، بە 964ـی وت، “ناوچەکەمان شاخاوی و ساردە، حکومەتیش لەساڵێکدا یەک بەرمیل نەوت دەدات بە هاوڵاتیان ئەمساڵیش نرخەکەی زۆر بوو هاوڵاتیان قبوڵیان نەبوو، نرخەکەی  هەرزانتریش بێت بەرمیلێک نەوت بەشمان ناکات، لەبەرئەوەی تاکۆتایی وەرزی سەرما ماڵێکی ئاسایی پێنج بۆ شەش بەرمیل نەوتی پێویستە”.

رونیشی کردەوە، بەرمیلێک نەوت لەبازاڕدا نزیکەی بە 150 هەزار دینارە و پێیان ناکڕێت، ناچار پەنا بۆداری ناودارستانەکان دەبەن بۆ خۆگەرمکردنەوەی ماڵەکانیان.

“هەرماڵێک زیاتر لە دوو بارەداری تلاکتۆری پێویستە بۆ ئەوەی لەبری نەوت بەکاری بهێنن و ماڵەکانیانی پێگەرم بکەنەوە لە وەرزی زستاندا، بۆ بارێک دار زیاتر لە 50 داری پێویستە تاکو عارەبانەکە پڕدەبێت، ئاوابڕوات دارستانەکانمان لەناودەچن، هیوادارین حکومەت نەوتی پێویست دابین بکات و بۆئەوەی ژینگەی ناوچەمان لەناو نەچێت”،عەلی ئەحمەد وای وت.

جەبار ئادەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پشدەر بە 964ـی وت،“ ئێمە وەکو پۆلیس و ژینگەی پشدەر رێگە بەکەس نادەین دار ببڕن، بەمەستی خۆگەرەمکردنەوە، بەڵام داری وشک یان هەڵپاچینی دار ئاساییە، بەڵام دەبێت ئەوکەسە یەکە ئیداریی سنورەکە ئاگادار بکاتەوە، لەژێر جاودێری ئێمە ئەمکارە بکات و لەڕێگەی لیژنەیەکمان رێنمایی پێدەدرێت، ئەگەر ئاگادر نەبین ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ دەکەین و بەپێی تەمەنی دارەکە سزادەدرێت”.

بەپێی ئاماری ژینگەی پشدەر بێت 30 دۆسیەیی داربڕین لە سنوری پشدەر هەن، کە بەبێ ئاگاداری پۆلیسی دارستان داریان بڕیوە و زیانیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە ئەمە لەکاتێکدایە، کەرێژەی سەوزایی لەناو شارەکاندا لە %7 تێپەڕناکات.

پێداچوونەوە: هاوبەش

خەڵکی پشدەر نەوتیان پێنادرێت و گیانێکیان بە دارەکانە

خەڵکی پشدەر نەوتیان پێنادرێت و گیانێکیان بە دارەکانە