شارەوانیی هەولێر

لە بارەی دروستكردنی خانوو بە شێوەی “دابەش دوو” دیراسەی زیاتر دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، دیراسەی بەشێکی دیکەی گەڕەکەکانی سنووری هەولێر دەکرێت سەبارەت بە رێپێدانی دروستکردنی خانوو بە شێوەی زەوی “دابەش دوو”.

شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، سەرۆکی شارەوانی کارزان عەبدولهادی بە مەبەستی دیراسەکردن و چۆنیەتی گرتنەبەری رێکارەکانی رێپێدانی دروستکردنی خانوو بە شێوەی دابەش دوو، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و لێپرسراوی بەشی مۆڵەت لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆبووەتەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشت بە رێنمایی و نووسراوەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە وردی تیشک خراوەتەسەر کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەتی بابەتی رێپێدانی دروستکردنی خانوو بە شێوەی دابەش دوو، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شارەوانی تاوتوێی چۆنیەتی رێکارەکانی پڕۆسەکەی کردووە و ئاماژەی بە خاڵ و رێنماییە یاسایەکان داوە، بۆ ئەوەی ئەو گەڕەکانەی ئێستا بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، کاری لەسەر بکرێت و هاوکات بەدواداچوونی وردتر بکرێت لەسەر پڕۆسەکە و چۆنیەتی مەرج و رێنماییە یاساییەکان.

شارەوانیی هەولێر دەڵێت، ئەم كارە لە بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان دەبێت، تا زۆرترین هاوڵاتی سوودمەندبن و بتوانرێت هەوڵەکان چڕتر بکرێتەوە و داخوازی و داواکاریەکانی هاوڵاتیان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ بكرێت.

لە رۆژی 16.9.2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویكردەوە، “لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین، بەمەبەستی رێپێدانی دروستکردنی خانوو بە شێوەی دابەش دوو، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکەن، بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان، بەپێی رێکار و رێنماییە یاساییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.

ئێستا دەتوانن زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک دابەش دوو بکەن

ئێستا دەتوانن زەوییەکانی 8ـی حەسارۆک دابەش دوو بکەن

زەوی دابەش دوو چییە؟

بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی هەولێر و دەوروبەری، زەوی 300 یان 250 مەترییان هەیە، كە بۆیان نەبوو بیكەن بە دوو پارچەی 150 مەتری یان 125 مەتری، بۆ ئەوەی خانوو دروست بكەن، بەڵام دوای ئەم بڕیارە، ئیتر دەتوانن زەوییەكان بكەن بە دوو بەش و بیانكەن بە دوو خانوو.