سندوقی یارمه‌تیدان له‌ بازاڕ و مزگه‌وته‌كان داندراوه‌

له‌ هه‌ریر بۆ رزگاركردنى كه‌سێك كه‌ هه‌ردوو گورچیله‌ى له‌ده‌ستداوه‌ پاره‌ كۆده‌كرێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ سنوورى قه‌زاى هه‌ریر‌ بۆ رزگاركردنى كه‌سێك كه‌ هه‌ردوو گورچیله‌ى له‌ده‌ستداوه‌ و دۆخى ته‌ندروستى ناله‌باره‌، كۆمه‌ك كۆده‌كرێته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ند كه‌سێكی خۆبه‌خش له‌دوێنێوه‌ سندوقى پاره‌ كۆكردنه‌وه‌یان له‌ناو بازاڕ داناوه‌ و ئه‌مڕۆ هه‌ینیش له‌ناو مزگه‌وته‌كان دایانناوه‌.

ئه‌و كه‌سه‌ى پاره‌كه‌ى بۆ كۆده‌كرێته‌وه‌ ناوى (س) دانیشتوی گوندی (قوبە)ی دەشتی هەریرە، خاوەن چوار منداڵه‌ و هیچ داهاتێکی نیە.

كەریم برایم مەرزانی، سەرۆكی رێكخراوی “هەریری من” بۆ كارى مرۆیی، كه‌ سه‌رپه‌رشتى كه‌مپینه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ 964ـى وت، له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا نزیكه‌ى 18 ملیۆن دیناریان بۆ ئه‌م نه‌خۆش كۆكردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ مزگه‌وته‌كان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست پاره‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌.

وتیشى “نه‌خۆشه‌كه‌ پێویستى به‌ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه‌ بۆ گۆڕینى گورچیله‌كان و پێویستیشی به‌ نزیكه‌ى 60 ملیۆن دینار هه‌یه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هێشتا نازاندرێت پاره‌ى كۆكراوه‌ى ناو مزگه‌وته‌كانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى چه‌نده‌، به‌ڵام بڕوایان وایه‌ كه‌ ده‌تواندرێت ئه‌و بڕه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كه‌ كۆبكرێته‌وه‌.

پێشتر هه‌مان ئه‌م رێكخراوه‌ كه‌مپینێكی بۆ هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ى قه‌زاكه‌یان كرد بۆ ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌رى بۆ چاوه‌كانى بكرێت و بینایی له‌ده‌ست نه‌دات.

گه‌نجانى هه‌ریر ناهێڵن مام زرار بینایی له‌ده‌ست بدا...

گه‌نجانى هه‌ریر ناهێڵن مام زرار بینایی له‌ده‌ست بدات