دیمەنی بەنداوی دەربەندیخان _ وێنە: KRG
پێویستیان بە زیاترە
تیمێکی دوو کەسی دۆزینەوەی تەرم بۆ بەرگری شارستانی دەربەندیخان دامەزراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، لە ئەنجامی داواکردنی تیمێکی غەواس و ئامێری پێشکەوتوو و درۆنی ژێر ئاو گەڕ، تەنھا دوو کارمەندی نوێمان بۆ دامەزراوە.
سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”تیمێکی غەواس بۆ پارێزگای سلێمانی دابینکراوە، لەو تیمە دوو کەسی نوێ بۆ بەرگری شارستانی دەربەندیخان دامەزراوە”.
“دەربەندیخان بەھۆی ھەبوونی دوو بەنداوەوە خاوەن تایبەتمەندیکی جیاوازە لە شارەکانیتر، کاتێک کەسێک لە بەنداوەکانی دەربەندیخان دەخنکێت بەھۆی کەمی ستاف و نەبوونی ئامێری پێشکەوتوو، دۆزینەوەی تەرم چەندین رۆژی پێدەچێت”،سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”لە چەند مانگی رابردوو، داواکاریمان پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ کرد، بۆئەوەی ئامێری پێشکەوتوو و درۆنی ژێر ئاومان بۆ دابین بکەن، بەڵام ھیچیان جێبەجێنەکراوە و تەنھا دوو کارمەندیان بۆمان دامەزراند”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی