حزبێكی رۆژهەڵات تۆمهتباره به زیندانیكردنی زیاتر له 10 كچ
میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر
ژمارەیەک کچی رۆژهەڵات دوای پەیوەندی کردن بە حزبێکی سیاسیی، بڕیاری وازهێنان و گەڕانەوە دەدەن، بەڵام بهقسهی پارێزهری یەکێک لە زیندانی کراوەکان دەڵێ، جگە لەوەی زیندانی کراوە، ئەوا دوو تاوانی تریشی بەرانبەر کراوە.
هەرێم رەفعەت، پارێزەری یەکێک لەو کچانەیە کە ئێستا لە زیندانی یەکێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە میدیازانی راگەیاند، ئەو کچەی من بوومەتە پارێزەری تەمەنی ١٧ ساڵە کە ئەمە لەڕووی یاساییەوە تاوانە بکرێتە پێشمەرگە.
“جگە لەوە، چوار ساڵە شایستەی دارایی و موچەی پێشمەرگایەتی پێ نەدراوە، کاتێکیش ویستوویەتی حزبەکە جێ بێڵێت و بگەڕێتەوە کوردستانی رۆژهەڵات، لەلایەن حزبەکەوە خراوەتە زیندان کە ئەو دووەش بۆ خۆی تاوانە”. هەرێم رەفعەت وای وت، ئەوەیشی خستەڕوو، سكاڵای یاساییمان لەسەر حزبەكەو سەرۆكی حزبەكەش تۆماركردووەو لەرۆژی دادگاییكردنەكەدا بەڵگەكان دەخەینە بەردەم دادوەر.
میدیازان، ناوی کچە زیندانی کراوەکەو حزبەکەی لایە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی بە پیشەیی بوونەوە، ناوەکەی پاراستووە بڵاوی ناکاتەوە.
بە قسەی پارێزەرەکە بێت، ژمارەی ئەو کچانەی لەلایەن ئەو حزبەوە زیندانی کراون زیاتر لە دە کچ دەبێت، بەڵام لە ئێستادا تەنیا یەک کچیان سکاڵای تۆمار کردووە.
هەرێم رەفعەت وتیشی “هەركاتێك ئەو حزبە سیاسییە پابەندی بڕیارەكانی دادگا نەبێت، ئەوا سەرجەم بەڵگەكان بۆ ڕایگشتی بڵاودەكەمەوە”.